زیندانیی تورکی سوننی مەزهەب داوود جەباری مەراغوش بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دیارینەکردنی چارەنووسی دۆسیەکەی، لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە مەزهەبییە دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەی، لەگەڵ زیندانییەکی مەزهەبیی تردا بە ناوی یاسر شەرافەتەدین کە لە ڕۆژێک پێشترەوە مانگرتنی دەست پێ کردبوو، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

داوود جەباری مەراغوش لە ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٦دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامێتییەوە لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکاندا، حوکمی ٢١ ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە، دوای تانەلێدان لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم دیوانی باڵای ئێران، بەڵام تا ئێستا پێداچوونەوەی پێدا نەکراوە.

یاسر شەرافەتەدی، زیندانیی کوردی سوننی مەزهەبیش کە ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامێتییەوە لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکاندا، حوکمی ٢١ ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان لەگەڵ مۆڵەتی پشووی کاتیدا، نەگوازرانەوە بۆ زیندانی نەغەدە، جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای زیندان و هەروەها حسێبنەکردنی ئەو دوو ساڵەی لە ئەفگانستان زیندان بووە لەسەر ماوەی زیندانەکەی، لە ڕۆژی ٨ی پووشپەڕەوە مانی لە خواردن گرتووە.