بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چالاکی کورد محەممەد هوشەنگی دوای ٦ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ، ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی ئەم شارە کراوە. تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا ڕووبەڕووی ناوبراو کراوەتەوە.

محەممەد هوشەنگی لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٩ و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کورددا، لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و سەرەتا برابووە دەستبەسەرگەی ٨١ی ڕەمەزانی ئەم دامەزراوە ئەمنی-سەربازییە لە ورمێ. دوابەدوای دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە کوردەی خەڵکی جوانڕۆ، چەندین جار بنەماڵەکەیشی بە تەلەفۆن بانگهێشتی بەردەم دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ کراون و بۆ چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

محەممەد هوشەنگی لە ساتەوەختی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مافی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە و بە درێژایی ئەم ماوەیەش تەنها یەک جار و ئەویش دوای تێپەڕینی ٤ مانگ، بە ئامادەبوونی لێپرسەوە ئەمنییەکان مۆڵەتی دیدارێکی کورتی چەنددەقەیی لە دەستبەسەرگەدا بە بنەماڵەکەی دراوە.