ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی سەرماوەز، زیندانیی سیاسیی کورد کەیهان مەکەڕەم بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن لەسەر دۆسیەکەی خۆی، بە دووهەم جار لە ئەمساڵدا مانی لە خواردن گرت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی سەرماوەز کەیهان موکەڕەم نامەی مانگرتنەکەی ڕادەستی بنکەی سەرەکیی پاسەوانیی زیندان کردووە و لە بەردەم نووسینگەی پاسەوانیدا دانیشتووە و مانی گرتووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر لە ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵیشدا مانی لە خواردن گرتبوو، بەڵام دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکەی لەسەر جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن لەسەر دۆسیەکەی خۆی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

دوو کەس لە هاودۆسیەکانی پێشتر لە ڕێگای ئەم گەڵاڵەیاسایەوە لە زیندان ئازاد کرابوون بەڵام تا ئێستا لەسەر دۆسیەکەی خۆی جێبەجێ نەکراوە.

کەیهان موکەڕەم لە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا لەگەڵ سابیر کەمالی و کامران کەمانی لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە گوندی «ئەنبێ»ی سەر بە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ١٣٩٨دا لەگەڵ دوو هاودۆسیەکەی تریدا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شەیخلوو بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادای کوردستان (پژاک)» حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان، لە دادگای پیاچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و لە بەفرانباری ١٣٩٨دا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زینان کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی نایب عەسکەری و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییانی تاوانە گشتییەکانەوە ڕووی دابوو.