تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز سێ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم، نایب حاجیزادە و عەلی محەممەدی موقەدەم مانیان لە خواردن گرتووە.

کەیهان مەکەڕەم بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن لەسەر دۆسیەکەی خۆی، نایب حاجیزادە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکیدا و عەلی محەممەدی موقەدەم بۆ داواکردنی ئازادیی مەرجدار یان هەناردن بۆ نەخۆشخانە مانیان لە خواردن گرتووە.

کەیهان موکەڕەم نامەی مانگرتنەکەی ڕادەستی بنکەی سەرەکیی پاسەوانیی زیندان کردووە و لە سەرلەبەیانیی شەممەوە لە بەردەم نووسینگەی پاسەوانیدا دانیشتووە و مانی گرتووە. ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر لە ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵیشدا هەر بۆ ئەم داواکارییە مانی لە خواردن گرتبوو، بەڵام دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکەی لەسەر جێبەجێنەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن لەسەر دۆسیەکەی خۆی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو. دوو کەس لە هاودۆسیەکانی پێشتر لە ڕێگای ئەم گەڵاڵەیاسایەوە لە زیندان ئازاد کرابوون بەڵام تا ئێستا لەسەر دۆسیەکەی خۆی جێبەجێ نەکراوە.

عەلی محەممەدی موقەدەم کە بە هۆی دۆخی قورس و دژواری ١٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا تووشی نەخۆشیی شیزۆفرینیا بووە، بەپێی بۆچوونی زانستیی کۆمیسیۆنی پسپۆڕ لە بەشی دەروونپزیشکیی پزیشکیی دادی ورمێ توانای مانەوەی لە زینداندا نییە. داواکارییە بەردەوامەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ پێدانی ئازادیی مەرجدار یان هەناردن بۆ نەخۆشخانە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە و سەرلەبەیانیی شەممە بە دوورینەوەی لێوەکانی بۆ سێهەم جار لەم دوو ساڵەی دواییدا مانی لە خواردن گرتووە.

نایب حاجیزادەیش بە هۆی ئیلتیهابی قاچ و دڕانی ناوزگەوە بەپێی بۆچوونی پزیشکانی نەخۆشخانەی زیندان دەبێ لە نەخۆشخانەدا دەرمان بکرێت، باڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون بینێرن بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان. ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەیانیی ڕۆژی شەممەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بێبەشکردنیدا لە خزمەتگوزاریی پزیشکی مانی لە خواردن گرتووە.

نایب حاجیزادە لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ نەشتەرگەریی قاچ ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کرابوو، بەڵام بەبێ تەواوکردنی دەرمانەکان گەڕێنرابوویەوە بۆ زیندان و دوای ماوەیەک بە هۆی ئیلتیهابی شوێنی نەشتەرگەرییەکە و هەروەها دڕانی ناوزگ لە کاتی کارکردندا لە زیندان بە هۆی هەڵگرتنی شتی قورسەوە دۆخی تەندروستیی تێک چوو. ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرەتای مانگی سەرماوەزدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی عارفیانی ورمێ کرابوو بەڵام بەبێ هیچ چەشنە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی گەڕێنرابوویەوە بۆ زیندان. سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان و بوونی مۆڵەت بۆ ڕەوانەکردنی خێرای ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندان هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم کارە هەڵنەگرتووە.

نایب حاجیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب عەسکەری، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییەکی تاوانە گشتییەکانەوە ڕووی دابوو.

کەیهان موکەڕەم لە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا لەگەڵ سابیر کەمالی و کامران کەمانی لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە گوندی «ئەنبێ»ی سەر بە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ١٣٩٨دا لەگەڵ دوو هاودۆسیەکەی تریدا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شەیخلوو بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادای کوردستان (پژاک)» حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان، لە دادگای پیاچوونەوەدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و لە بەفرانباری ١٣٩٨دا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.

هەروەها لە گەلاوێژی ئەمساڵدا ئەم زیندانییە سیاسییە لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی تردا بە ناوەکانی نایب عەسکەری و نایب حاجیزادە لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییەکی 

عەلی محەممەدی‌موقەدەم، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، ماستەری زانستە سیاسییەکانی هەیە و لە ئەندامانی ئەرتەشی ئێران بووە کە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە بەفرانباری ١٣٨٧ و لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەریان کرد و دوای ١٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ٣٧ی ئەرتەش و ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، گواسترایەوە بۆبەندی گشتیی بەندیخانەی ئێڤینی تاران.

ناوبراو دوای دوو ساڵ چاوەڕوانی، لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادسەرای سەربازیی تارانەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی سیخوڕیکردنەوە بۆ دەوڵەتەکانی ئامریکا و ئینگلیس، حوکمی ١٨ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ورمێی بە سەردا سەپا. ناوبراو لەم دادگایەدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ سەنرابوویەوە. حوکمەکە دوای مانگێک لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و ئەم بەندکراوە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٨٩دا گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.

عەلی محەممەدی‌موقەدەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار پشووی کاتی یان مورەخەسیی وەرگرتووە، بەڵام خەرمانانی ساڵی ڕابردوو و لە کاتی مورەخەسیدا، کاتێک کە دەیویست لە ئێران بچێتە دەرەوە لە شاری خۆی بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە ئیتر مافی مورەخەسی و تەنانەت وەرگرتنی چارەسەر و دەوا و دەرمانیشی لێ زەوت کراوە.

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەردا لقی ٢ی دادگای یەکی سەربازیی تاران بە ناردنی نامەیەک بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، داوای کردبوو بە سەرنجدان بە نەخۆشیی شیزۆفرینیاکەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ڕازی بکرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان تا ئێستا ئامادە نەبوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن».