بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، محەممەد مورادی، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی نەغەدە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە هۆی تووشبوونەوە بە نەخۆشیی «فتق» دۆخێکی ناجێگیری هەیە، سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان لەمەڕ زەروورەتی دەرمانکردنی لە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ڕەزامەندیی دادوەری چاودێری زیندان بۆ ئەم کارە، لەبەر ناڕازیبوونی سەرۆکی زیندان لە گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و جێبەجێکردنی قۆناغەکانی دەرمانی پزیشکی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەم زیندانییە سیاسییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش بەسەرکردنەوەی بەندە جیاوازەکانی زیندان لە لایەن حەبیب محەممەدیی سەرۆکی نوێی زیندانی نەغەدەوە، محەممەد مورادی دیسانەوە داواکاریی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی خستۆتە بەردەست، بەڵام سەرۆکی زیندان لە وەڵامدا وتوویەتی: تەنانەت لە حاڵی مردنیشدا بیت ناتنێرین بۆ نەخۆشخانە، چونکوو تۆ «دژەشۆڕش»یت!».

محەممەد مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «قەبرحسەین»ی شاری پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ١٣٩٧دا سەرەڕای هەماهەنگیکردنی بنەماڵەکەی لەگەڵ سپای پاسداراندا و وەرگرتنی «ئەماننامە» بۆ دوای گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، لە ساتەوەختی چوونەناو دەروازەی سنووریی «کێلێ»ی سەردەشت لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەمەڕ «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا و گەڕانەوە بۆ ئێران بە مەبەستی چالاکیی چەکداری» خرایە ژێر قورسترین ئەشکەنجەکانەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی گوڵانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن لقی ٣٤ی دیوانی باڵای ئێرانەوە لەبەر ناتەواوبوونی دۆسیەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایەوە بۆ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد. دۆسیەکە تا ئێستاش هەر لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی دووبارەدا ماوەتەوە.

محەممەد مورادی ٣٥ ساڵان، خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. ناوبراو هەروەها برای دوو کۆڵبەرە بە ناوەکانی «سادق مورادی» و «عەبدوڕەحمان مورادی» کە لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە ناوچەی سنووریی «کۆتران»ی سەردەشت بوونە ئامانجی دەسڕێژ و ئەشکەنجەدانی هێزەکانی سپاسی پاسداران و گیانیان لەدەست دا.