بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی بەفرانبار کەژاڵ نەسری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی گوندی «تەنگیسەر»ی سنە، دوای مانگێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە بە کەلەبچەی ئەلەکترۆنییەوە ئازاد کراوە و تا ماوەتەکی نادیار بۆی نییە هاتوچۆی گوندەکەی خۆیان بکات.

دەوترێت دوای ئەوەی دایکی ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە مانی لە خواردن گرت، لێپرسەوە ئەمنییەکان ڕەزامەندییان بۆ ئازادبوونی کاتیی ناوبراو ڕاگەیاندووە.

کەژاڵ نەسری لە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزدا لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی «تەنگیسەر»ی سنە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە مافی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی لێ زەوت کرابوو.

هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم چالاکە مەدەنییە کراوەتەوە، بەردەست نەکەوتووە.