موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانیی سیاسیی کورد کە سێزدەهەمین ساڵ لە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەکەی لە زیندانی ئێڤینی تاراندا تێدەپەڕێنێت، تووشی نەخۆشیی فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia) و ڕژێنەی ئەسناعەشەر بووە. کێشی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ٢ مانگی ڕابردوودا ١٢ کیلۆ دابەزیوە و تا ئێستا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی و هەروەها هەناردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی موتەلیب ئەحمەدیان بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم زیندانییە سیاسییە کە مانگی ڕابردوو لەگەڵ ٨ زیندانیی سیاسیی دیکەدا لە زیندانی ڕەجایی شارەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ٨ی هۆڵی ١٠ی زیندانی ئێڤین، لە دۆخێکی زۆر خراپ و ناجێگیردایە و بە هۆی ڕشانەوەی خوێنیی بەردەوام و قورسەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا، کێشی بۆ کەمتر لە ٣٥ کیلۆ دابەزیوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، موتەلیب ئەحمەدیان تووشی نەخۆشیی فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia) و ڕژێنەی ئەسناعەشەر بووە و کەناڵی مرۆخەی تەنگ بووەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەیش تا ئێستا چاودێریی پسپۆڕانەی پزیشکیی بۆ دابین نەکراوە و لە هەناردن بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندانیش بێبەش کراوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم زیندانییە سیاسییەیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر بۆ خۆی تێچووی دەرمانەکانی دابین بکات، دەینێرنە ناوەندێکی پزیشکی و دوای نەشتەرگەری یەکسەر دەیگەڕێننەوە بۆ زیندان تاکوو قۆناغی چاکبوونەوە لە زینداندا بباتە سەر. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە قۆناغی چاکبوونەوەی زیاتر لە ٦ مانگ دەخایەنێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئیمکانە بەرکورتە پزیشکییەکان و زۆربوونی ڕێژەی بەندکراوان، مانەوەی لە زینداندا مەترسیدارە».

ئەم زیندانییە سیاسییە کە پێشتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ نەخۆشیی ئارکیتیسدا (ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ) دەستەویەخە بوو، لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دێسامبری ٢٠٢٢) لە ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زینداندا نەشتەرگەریی بۆ کرا و ڕۆژێک دواتر بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار.

موتەلیب ئەحمەدیان لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨ (ژانڤیەی ٢٠٢٠) و لە دووتوێی نامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە. ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ئاماژەدان بە ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ و شکانی سێ مۆرەی بڕبڕەی پشتی لەژێر ئەشکەنجەی قۆناغی لێپرسینەوەکاندا، وتبووی کە هۆکاری خراپتربوونی دۆخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە کاتی خۆیدا و نووسیبووی: «بە داخەوە زیندان ئامادە نییە پێش و پاش نەشتەرگەری تێچووەکانی دەرمان دابین بکات، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران کۆی تێچووی دەرمانکردنی بەندکراوان لە ئەستۆی خودی ئەو ڕێکخراوەیەدایە، بەڵام من خۆم کۆی تێچووەکانم دابین کردووە و لەبەر ئەوەی توانای دابینکردنی پارەی زیاترم نەبوو بە ناچار وازم لە درێژەدانی پرۆسەی دەرمان هێنا».

موتەلیب ئەحمەدیان، هاووڵاتیی ٣١ ساڵانی خەڵکی بانە، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٨٩ (٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٠) دەستبەسەر کرا و دوای ٨ مانگ مانەوە لە دۆخی سەختی ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە و لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییدا، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا. هەروەها لە دوو دۆسیەی دیکەیشدا بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەکانەوە» سزای یەک میلیۆن ڕیال غەرامە و ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ٩ ساڵ بەندکران و پێدانی نیوەی دیەیەکی تەواو و ٢٠ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە زیندانەکانی سەقز، سنە، ڕەجایی شار و ئێڤیندا بووە.