دۆختی تەندروستیی محەممەد خودکام، بەندکراوی خەڵکی بۆکان کە لە سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵەوە (کۆتایی دیسامبەری ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرکردنی سزای قورسی بەندکران و سزای پارەدا مانی لە خواردن گرتووە، زۆر خراپ و ناجێگیرە و پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندانی بۆکان ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری بەردەوامکردنی مانگرتنەکەدا گیانی ئەم بەندکراوە دەکەوێتە بەر مەترسییەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، محەممەد خودکام لە ڕۆژی ٢ی بەفرانبارەوە (٢٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرکردنی سزای قورسی بەندکران و سزای پارەدا مانی لە خواردن گرتووە و لەم ماوەیەدا سێ جار لەسەر خۆ چووە و ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان و چەندین جاریش ڕەوانەی نەخۆشخانەکەی زیندان کراوە و دوای وەرگرتنی کانولە (سیرۆم) گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو زیندان.

ئەم بەندکراوە لە دیدارێکی کورت لەگەڵ بنەماڵەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە تا کاتێک لە دادگایەکی گونجاو و دادپەروەرانەدا دادگایی نەکرێت درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات. ئەم هەڵوێستەی محەممەد خودکام لە کاتێکدایە کە بە هۆی نزیک بە دوو مانگ مانگرتنەوە، کێشی زیاتر لە ١٥ کیلۆ دابەزیوە و توانای جووڵەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

محەممەد خودکام دوابەدوای دەسپێکردنی مانگرتنەکە و لە ڕۆژی ٣ی بەفرانبارەوە (٢٤ی دیسامبەر) بە دەستووری بەرپرسانی زیندان گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی لە بەندی قەرەنتینەی زینداندا و لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو. بە درێژایی ئەم ماوەیە بەرپرسانی زیندان و دادگای بۆکان هیچ ئاورێکیان لە داواکارییەکەی ئەم بەندکراوە بۆ بەڕێوەبردنی موحاکمەیەکی دادپەروەرانە نەداوەتەوە.

محەممەد خودکام کە ڕۆژی ١٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ (٣١ی مەیی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ١٨ی سەرماوەز (٩ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای ١٧ ساڵ بەندکران و ١٨٠ میلیۆن تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپا.

دەوترێت هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی لە کۆڵانی ماڵەکەی ئەم هاووڵاتییەدا لە بۆکان بەستەیەک مادەی هۆشبەریان دۆزیوەتەوە و ئەویان وەک خاوەنی مادەکە دەستبەسەر کردووە. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە هەرهەموو دەنگۆکانی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام دادگا بەبێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ئەم هاووڵاتییە ئاوا سزایەکی قورسی بە سەریدا سەپاندووە و بەرپرسانی پێوەندیدار ئامادە نین داواکارییەکەی بۆ بەڕێوەبردنی دادگایەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکەن.