کەیوان ڕەشۆزادە، زیندانیی سیاسیی کورد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێ کراوە و کەوتووەتە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەی کاربەدەستانی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە کەیوان ڕەشۆزادە حەفتەی ڕابردوو و لە کاتێکدا کە لە بەندی ئەمنی زیندانی ناوەندیی ورمێدا لە دۆخی مانگرتن لە خواردندا بووە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارە.

لێپرسەوە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەم زیندانییە سیاسییە کردووە کە لە ئەگەری بەردەوامکردنی مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایی لە ناو زیندانی ناوەندیی ورمێدا، دۆسیەی یاسایی نوێی بۆ دەکرێتەوە.

کەیوان ڕەشۆزادە ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوە (١٧ی ئاوریل) دوای هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زیندانی ورمێ بۆ سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی و لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن ئەو هێزانەوە، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. هەمان ڕۆژ سەرلەنوێ براوەتە حەوشەی سەرەکیی زیندان و بە دەستووری بەرپرسانی زیندان لە لایەن هێزەکانی گاردەوە بە باتۆم ئەشکەنجە دراوەتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ئەو ئەشکەنجە و لێدانەدا و هەروەها زەوتکردنی مافی ئازادیی مەرجدار، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

نازدار ڕوودساز، دایکی ئەم زیندانییە سیاسییە، لە یازدەیەم ڕۆژی مانگرتنی کوڕەکەی و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی تەندروستیی کوڕەکەی، ڕایگەیاندبوو کە کەیوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە ئەشکەنجە دراوە.

کەیوان ڕەشۆزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب (مەسعوود) حاجیزادە و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە دوای ساڵێک مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا، سەرماوەزی ١٣٩٩ (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمی کەیوان ڕەشۆزادە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمیدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیاندا و گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی زیندانیان لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت.

کەیوان ڕەشۆزادە لە جۆزەردانی ١٤٠١یشدا (ژوەنی ٢٠٢٢) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، لێوەکانی دوورییەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو.