بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “ئەمیر مەحمودپور”، گەنجێک کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” دەستبەسەرکرابوو و بە سێدارە (قەساس) سزادرابوو، ڕۆژی ڕابردوو ١١ی ڕەشەمە / 03.01 لە بەندیخانەی ورمێ لە سێدارە درا. ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەشەمە / 02.29 لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی “حوسێن کەچنانلو” و “عەبدوڵلا محەمەدزادە” بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە، ئەو دوو بەندکراوە پاش وەرگرتنی مۆڵەت لە بنەماڵەی کوژراوەکان دیسانەوە بۆ بەندەکانیان گەڕێندرانەوە.

ڕاگەیەندنەکانی ناوخۆی ئێران لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ / ٢٠١٣.٠٧، کوژرانی پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بە ناوی “محەمەد” و ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی “پەروانە”یان لە شەقامی “گەلاوێژی ١٨”ی شاری بۆکان ئاشکراکرد، پاش ئەو ڕووداوە “ئەمیر مەحمودپور” بە تۆمەتی کوشتنی باوکی و هاوسەری دووەمی باوکی دەستبەسەرکرا.

سەرەڕای ئەوەی هەندێک لەو ڕاگەیەندنانە تەمەنی ئەمیر مەحمودپوریان لە کاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە ١٦ ساڵ و هەندێکی دیکە ٢٠ ساڵ ڕاگەیاندبوو، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕ گوتی کە ناوبراو لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە.

بەگوێڕەی ئەو سەرچاوەیە، ئەمیر مەحمودپور لە پرۆسەیەکی تەماویی دادوەریدا بە سێدارە سزادرابوو لەکاتێکدا پسپۆرانی ئەو بوارە باوەڕیان وابوو ئەو کوشتنانە بە یەک کەس ئەنجام نادرێت.

سێدارەدانی ئەم گەنجە کە لە کاتی منداڵی بە کوشتن تۆمەتبار و دەستبەسەرکرابوو لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لەو حکومەتانەی بەڵێننامەی مافی منداڵانیان واژۆ کردووە و لەو بەڵێننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە نابێت منداڵان بە سێدارە یان سزای بەندیخانەی درێژخایەن سزابدرێن.