به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ٤ی سەرماوەز، تەرمی ڕۆژان خدری، کچە ١٧ ساڵەکەی خەڵکی گوندی «کۆزەڕەش»ی سەڵماس کە ڕۆژی ١ی سەرماوەز دوای ئەوەی کەوتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی باوکیەوە خۆی کوشتبوو، لە لایەن پزیشکیی یاساییەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە گوندی لەدایکبوونەکەی بە خاک سپێدرا.

پزیشکیی یاسایی خنکان بە گوریسی وەک هۆکاری گیان‌لەدەستدانی ئەم منداڵە دەستنیشان کردووە. گەرچی ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدانی باوکی لەسەر جەستەی مابۆوە و دراوسێکانیش شایەتییان دابوو کە ئەم منداڵە بە دەستی باوکی ئەشکەنجە دراوە، بەڵام باوکی دوای چەند کاتژمێرێک لەبەر ئەوەی کەس شکاتی لەسەر تۆمار نەکردبوو، ئازاد کرا.

چەند سەرچاوەیەک لە گوندی «کۆزەڕەش» بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیان ڕاگەیاند کە ڕۆژان دوای  فرۆشتنی مۆبایلەکەی لە لایەن باوکیەوە، بەرانبەر بەم کارە ناڕەزایی دەربڕیبوو و هەر بۆیە کەوتبووە بەر لێدان و ئەشکەنجەدانێکی سەختی باوکیەوە، هەر بۆیە دوای ئەم ڕووداوە دەستی دابووە خۆکوشتن.