هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەقز کە نەخۆشیی میگرێن، زەختی خوێن و دیسکی کەمەری لەگەڵە، بەبێ ئەوەی خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویستی بۆ دابین بکرێت، تا ئێستایش لە دۆخی خراپی بەندی ژنانی زیندانی سنەدا (کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت) ڕاگیراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم چالاکە مەدەنییە دەستبەسەرکراوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەوە گوازراوەتەوە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دیسکی کەمەر و دۆخی خراپی ژووری تاکەکەسی توانای جووڵەی لە دەست داوە و هاوکات لەگەڵ نەخۆشییەکانی میگرێن و زەختی خوێنیشدا دەستەویەخەیە.

بنەماڵەی هێرۆ قەدیمی دەواودەرمانەکانیان ڕادەستی بەرپرسانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە کردووە، بەڵام ئەوان بە درێژایی ئەم ماوەیە ئامادە نەبوون دەرمانەکانی پێ بدەن و لە خزمەتگوزاریی پزیشکییش بێبەشیان کردووە.

هێرۆ قەدیمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانان (١٢ی سێپتامبەر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە. ئەم چالاکە مەدەنییە لە بواری مافی منداڵان و ژنان و یارمەتیدانی نەخۆشانی تایبەتدا لە شاری سەقز چالاکیی بەرچاوی بووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم چالاکە مەدەنییەی بۆ ماوەی مانگێکی تر تازە کردەوە. هێرۆ قەدیمی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە.