ئەمڕۆ هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران هەواڵی گیانلەدەستدانی ئارمیتا گەراوەندیان دوای ٢٨ ڕۆژ کۆما و خەواندن لە بەشی چاودێرییە تایبەتییەکانی نەخۆشخانەی فەجری تاراندا بڵاو کردەوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی چەندین ڕاپۆرت، لە هەمان سەرەتای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەوە، ئارمیتا گەراوەند «نیشانەکانی ژیان»ی پێوە نەبووە و هەموو ئەم ماوەیە لە کۆمادا بووە. لە ڕۆژانی ڕابردوویشدا پزیشکەکان هیوایان بە زیندوومانەوەی ئەم کچە ١٧ ساڵەیە نەمابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نەخۆشخانە و شوێنی خەواندنی ئارمیتا لە ٢٨ ڕۆژ لەمەوپێشەوە لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی قورسی ئەمنیدا بووە و دامودەزگا ئەمنییەکان لە درێژەی گوشار و هەڕەشە و قەدەغەکارییەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی گەراوەند، تا ئێستا ئامادە نەبوون تەرمەکەی بۆ ئەسپەردەکردن ڕادەستی بنەماڵەکەی بکەنەوە. دەوترێت دامودەزگا ئەمنییەکان دەیانەوێ تەرمی ئارمیتا لە شوێنێکدا کە خۆیان دیارییان کردووە و بەبێ هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی گشتی ئەسپەردە بکەن.

بنەماڵەی گەراوەند لە کاتی گواستنەوەی منداڵەکەیانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبەر) و بڵاوبوونەوەی هەندێ هەواڵ سەبارەت بە پەلاماردان و لێدانی ئارمیتا لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەبەر ڕەچاونەکردنی حیجاب، لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی دامودەزگا ئەمنییەکاندا بوون و تەنانەت ناچاریان کردن لە بەردەم کامێرای تەلەڤیزیۆندا پەلاماردان و لێدانی کچەکەیان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕەت بکەنەوە.

هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا گرتەیەکی ڤیدیۆیی پچڕپچڕیان لە کاتی لەسەرخۆچوونی ئارمیتا گەراوەندەوە لە وێستگەی میترۆی شوهەدای تاراندا بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە ئەم کچە لاوە بە هۆی «دابەزینی زەخت»ـەوە لەسەر خۆ چووە. بەڵام ڕۆژنامەی گاردیەنی چاپی لەندەن، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەر (٥ی ئۆکتۆبەر) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا و لە زاری دوو شایەتحاڵی مەیدانییەوە، هەواڵی پەلاماردانی ئارمیتای لە لایەن ژنێکی «حیجاببان»ـەوە و لەسەر حیجاب پشتڕاست کردەوە. بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، ئارمیتا گەراوەند لە واگۆنی میتۆدا کەوتووەتە بەر «پەلامار و لێدان»ی ژنێکی «حیجاببان»ـەوە. بە وتەی شایەتحاڵێک، حیجاببانەکە دوای دەمەقڕە لەگەڵ ئارمیتادا «بە توندی پاڵی پێوە ناوە».

گاردیەن هەروەها لە زاری سەرچاوە دژبەرەکانی حکومەتی ئێرانەوە ڕایگەیاند کە ماوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە هەواڵنێریی دەوڵەتیی ئێران (ئیرنا) لە ڕەوتی رووداوەکەی بڵاو کردووەتەوە، نیشاندەری ئەوەیە کە لانیکەم سەد چرکەی لێ دابڕێنراوە و بڵاو نەکراوەتەوە.

ئارمیتا گەراوەند لەدایکبووی ١٣ی خاکەلێوە ١٣٨٥ (٢ی ئاوریلی ٢٠٠٦)ی کرماشان بوو. بنەماڵەکەی خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستانن و لەم ساڵانەی دواییدا نیشتەجێی تاران بوون.