تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٥ی جولای) ئەرەشک قەیسەربەیگی، قوتابیی ١٥ ساڵانی خەڵکی شاری سەراوڵەی پارێزگای ئیلام، بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئیلام ئازاد کراوە.

ئەم خوێندەڤانەی پۆلی سێهەمی دواناوەندی ڕۆژی ٨ ی پووشپەڕ (٢٩ی ژوەن) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای سەراوڵە بە دەستووری داواکاری گشتیی ئەم شارە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ئیلام. لە چەند حەفتەی ڕابردوودا دامودەزگا ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەم منداڵەیان ڕاگەیاندبوو تا کاتێک برا گەورەکەی، ئەرشیا قەیسەربەیگی، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعات نەکات منداڵەکەی تریان هەر دەستبەسەر دەبێت.

دەوترێت ئەم منداڵە چەندین جار گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە چاوی بەسراوەوە لێپرسینەوەیان لێ کردووە و چەندین جاریش بە شۆکەری کارەبا ئەشکەنجەیان داوە. هەر بۆیە ئەرەشک لەژێر ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی منداڵە ١٧ ساڵەکەی تری ئەم بنەماڵەیە، ئەرشیا قەیسەربەیگی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماڵەوە نەبووە نەیانتوانیوە دەستبەسەری بکەن.

ئەرەشک قەیسەربەیگی ساڵی ڕابردوو چەندین جار بە تەلەفۆن لە لایەن ئیتلاعاتی پۆلیسی هێزی ئینتیزامیی سەراوڵەوە بانگهێشت کرابوو. هەروەها ئەرشیا قەیسەربەیگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە کاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەراوڵە دەستبەسەر و دوای ١٠ ڕۆژ لە زیندان ئازاد کرابوو.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام بە بیانووی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی دەست پێ کردووە و چەند حەفتە لەمەوپێش لانیکەم ١٠ هاووڵاتی و لەوانە مێهرداد قەیسەربەیگیی مامەی ئەم منداڵەیان دەستبەسەر کردووە.