ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزان مامۆستایانی بەردوام لەکار و خانەنشین لە شارەکانی ورمێ، بۆکان، دیواندەرە، سەقز، مەریوان، سنە، کرماشان، سونقوڕ، شاباد (ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا)، جوانڕۆ و ئیلام هاوکات لەگەڵ شارەکانی تری ئێراندا، لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارانە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد.

ئەم گردبوونەوانە دوابەدوای بانگەوازەکەی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگییانی ئێران لە ٦٨ شاری ئێران بەڕێوە چوون. داواکاریی سەرەکیی مامۆستایانی ناڕازی بریتییە لە یەکسانکردنەوەی مووچەی خانەنشینان لەسەر بنەمای یاسای بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییەکانی وڵات و هەروەها جێبەجێکردنی گەڵاڵەی پۆلێنبەندیکردنی مامۆستایانی بەردوام لەکار لەسەر بنەمای لەسەدا ٨٠ی مووچەی لیژنەی زانستیی زانکۆکان.