ئەمڕۆ شەممە ٩ی بەفرانبار (٣٠ی دیسامبەر) سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم ئەندامەی دەستەی بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین پێشتر و لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (جولای) بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی سنەوە سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە ماوەیەک لەمەوپێش لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستانەوە گۆڕدرا بۆ لێدانی ٤٠ قامچی و ساڵێک بەندکران لە زیندانی ناوەندیی سنەدا.

ئەم چالاکە کوردە هەروەها لە ڕێکەوتی ١٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ (٣ی دیسامبەری ٢٠٢٣) و لە دۆسیەیەکی جیاوازدا بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە ڕیز سزای ١٠ ساڵ و ١ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. دوای تانەدانی پارێزەرەکەی ئەم چالاکە مەدەنیی لەو حوکمەیش، دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستان.

سەیوان ئیبراهیمی ئەمڕۆ شەممە ٩ی بەفرانبار (٣٠ی دیسامبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندان کرا و ئەگەر حوکمی دۆسیەکەی تریشی لە دادگای پیاچوونەوەدا پەسەند بکرێت، ١٠ ساڵ لە کۆی سزاکانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەیوان ئیبراهیمی ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە کاتێکدا کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی، زارا محەممەدی، سەردانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەی کردبوو، دەستبەسەر کرا و دوای ٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازادیان کرد. هەروەها جارێکی تریش لە ڕێکەوتی ٢٨ی بەفرانباردا (١٨ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کرا.