محەممەد مورادیی نەساری، نووسەری خەڵکی ئیلام و خوێندکاری دوکتۆرای ئەدەبیات لە زانکۆی کوردستانی سنە کە گەڵاڕێزانی ئەمساڵ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دوای وەرگیرانی کۆتایی لە تاقیکردنەوەی مامۆستایەتیدا لە قوتابخانەیەکی شاری سنە دەستی بە وانەوتنەوە کردبوو، بە هۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان و بەشی هەڵبژاردنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکارییسنەوە، لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە کار دەرکراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم مامۆستا کوردە لە پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: «من پێشتر لە تاقیکاریی مامۆستایەتیدا قۆناغی «وەرگیرانی کۆتایی»م تێپەڕاندبوو و لە ڕۆژی یەکی گەڵاڕێزانەوە (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمیی پەروەردە و فێرکاری لە قوتابخانەکانی سنەدا دەستم بە وتنەوەی ئەدەبیات کرد. دوای چەند مانگ لە بەشی هەڵبژاردنەوە کەسێک پێوەندیی پێوە کردم و دوای ئەوەی سەردانی بەشەکەم کرد هەندێ پرسیاری لێ کردم کە بە وتەی خۆی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە! نێردرابوون؛ کۆمەڵە پرسیارێک لەسەر چاپکردنی کتێبەشیعر بە زمانی کوردی، بەڕێوەبردنی خەڵاتی ئەدەبیی باشوور، بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی گەلاوێژدا، وتووێژکردن سەبارەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی و هەندێ پرسیاری هاوشێوەی دیکە کە هیچ کامیان نەتەنها تاوان نین بەڵکوو لە هەموو شوێنێکی جیهاندا -ڕەنگە تەنها جیا لەم وڵاتە- دەبنە مایەی ڕێز و شانازییش؛ سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە ئەم چالاکیانە بە مۆڵەتی ئیدارە پێوەندیدارەکان بە بواری فەرهەنگ و هونەرەوە بەڕێوە چوون».

بەپێی ئەو نووسراوەیە، محەممەد مورادیی نەساری دوای ماوەیەک بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری دەرنەکردنی کۆدی فەرمانبەری و نەناردنی مووچە، سەرەتا سەردانی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی سنە و پاشان بەشی هەڵبژاردنی ئیدارەی گشتیی پارێزگا دەکات. بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستان بەم مامۆستایەی ڕاگەیاندووە کە وەڵامی دامودەزگا ئەمنییەکان لەسەر تۆ نیگەتیڤ بووە و ئیتر بۆت نییە بڕۆیتە پۆلەکانی وانەوتنەوە. لە لایەکی ترەوە لەبەر دەرنەکردنی مۆڵەتنامەی دامەزران، مووچەی ئەو چەند مانگەیشی پێ نادرێت کە وانەی وتووەتەوە.

هەروەها پێی ڕاگەیەنراوە کە دەتوانێت لە دیوانی دادپەروەریی ئیداریدا تانە لە حوکمەکە بدات.

محەممەد مورادیی نەساری، نووسەر، بەرپرسی «چاپەمەنیی باشوور» لە ئیلام و خوێندکاری دوکتۆرای ئەدەبیاتە لە زانکۆی کوردستان.