تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە سۆران (موسلیم) دانشوەر، خوێندکاری بەشی فەلسەفەی قۆناغی دوکتورای زانکۆی تەبرێز، لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات لەم زانکۆیە دەر کراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە یەکەم خولی ساڵی خوێندنی ١٤٠٠ـەوە لە زانکۆی تەبرێز لە قۆناغی دوکتورای بەشی فەلسەفە خەریکی خوێندن بوو، بەڵام دوای دوو مانگ و لە کۆتایی گەڵاڕێزاندا بە هاتنەسەرکاری وەزیری نوێی خوێندنی باڵا و دانانی سەرۆکێکی تازە بۆ زانکۆی تەبرێز، پێی ڕاگەیەنرا کە لەسەر داوای «بریکاری گوزینشی سازمانی سەنجش» لە زانکۆ دەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دوای بەدواداچوونی سۆران دانشوەر لە ڕێگای «بریکاری گوزینشی سازمانی سەنجش»ـەوە، پێی ڕاگەیەنراوە کە وەزارەتی ئیتلاعات لەگەڵ درێژەدانی خوێندنی ئەودا دژایەتیی کردووە و داوای لەو سەرچاوەیە کردووە لە زانکۆ دەر بکرێت».

لە ساڵەکانی ١٣٩٠ و ١٣٩٩دا لەبەر دژایەتیکردنی وەزارەتی ئیتلاعات هیچ کارنامەیەک لە تاقیکارییەکانی ماستەر و دوکتورادا لەبەر ئەستێرەداربوون بۆ ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە دەر نەکرابوو و هەر بۆیە مافی خوێندنی لێ زەوت کرابوو.

لە تاقیکاریی ماستەری ساڵی ١٣٩٠یشدا هەر لەبەر دژایەتیکردنی وەزارەتی ئیتلاعات هیچ کارنامەیەکی بۆ دەر نەکرا و تەنانەت قبووڵبوونی زانکۆیشی پێ ڕانەگەیەنرا و سەرەڕای بەدواداچوونی فراوان، نەیتوانی لەو کاتەدا درێژە بە خوێندن بدات.

ناوبراو ساڵی ١٣٩٧ دیسانەوە لە تاقیکاریی ماستەری فەلسەفەی زانکۆی تەبرێزدا قبووڵ بوو، بەڵام سازمانی سەنجش بەڵێننامەی لێ وەر گرت و تەنها دوای ئەم بەڵێننامەیە و بە شێوەی مەرجدار دەرفەتی درێژەدان بە خوێندنی پێ درا.

سۆران دانشوەر ساڵی ١٣٩٩ لە تاقیکاریی دوکتورادا دەر چوو و بۆ دووهەم جار سەرەڕای قبووڵی لە تاقیکاریدا، لەبەر ئەستێرەداربوون کارنامەی پێ نەدرایەوە بەڵام دوای بەدواداچوونی فراوان، دواجار بە وەرگرتنی بەڵێننامە و بە شێوەی مەرجدار دەرفەتی درێژەدان بە خوێندنی لە ساڵی ١٤٠٠دا پێ درا.

بەم پێیە سۆران دانشوەر تا ئێستا جیا لەوەی کە دوو جار لە دوو قۆناغدا ئەستێرەدار بووە، لە هەردوو قۆناغی دوای خوێندنی بەکالۆریۆسدا تەنها بە دانی بەڵێن توانیویەتی درێژە بە خوێندن بدات.