بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی گەلاوێژ (١٧ی ئاگۆست) ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، بە دانانی بارمتەی قورسی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤینی تاران ئازاد کراوە.

شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخایش، دوو چالاکی دیکەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، هێشتا هەر لە زیندانی ئێڤیندان.

شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کران. شەعبان محەممەدی دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا بەڵام ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئەمنی-سەربازیی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە کران.

مەسعوود نیکخا لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵاندا (١١ی مەی) بە دانانی کەفالەت لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا، بەڵام ڕۆژی دواتر سەرلەنوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە. شەعبان محەمەدییش بۆ دووهەم جار لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵاندا (١١ی مەی) دیسانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

ئەسکەندەر لوتفی ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕ (٥ی جولای) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە بەندی ٢ی ئەلفەوە گوازراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ئێڤین. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەرداندا (٣٠ی مەی) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی خۆیدا و گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.