بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٣ی گەلاوێژ لە گەڕەکی حاجیئاوای شاری سنە دوو خوذک بە ناوەکانی بەیان و سەحەر مورادی بە دەستی هاوژینی بەیان کوژراون.

دەوترێت بەیان مورادی چەند ڕۆژ لەمەوپێش کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، ئیسماعیل (فامیلەکەی نادیارە)، هەبووە و ماڵەکەی بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە ماڵی دایک و باوکی. ڕۆژی ڕابردوو هاوسەرەکەی لە گەڕەکی حاجیئاوای سنە بە ئۆتۆمبیل ڕێ بە بەیان و خوشکەکەی دەگرێت و دوای دەمەقاڵە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، بە چەکی گەرم تەقەیان لێ دەکات و هەردووکیان دەکوژێت.

بەیان مورادی دایکی دوو منداڵ بووە و سەحەر مورادییش دایکی منداڵێک، ئیسماعیلی هاوسەری بەیان مورادی دوای کوشتنی ئەو دوو خوشکە شوێنی ڕووداوەکەی بەجێ هێشتووە و هەڵاتووە، تا ئێستایش دەستبەسەر نەکراوە.