تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبرەوە، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، ڕاپۆرتێکی لەسەر حاڵەتەکانی ژنکوشتن، کوشتنی نامووسی، خۆکوشتنی ژنان و هەروەها دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ژنانی چالاکی کورد لە سەرەتای ساڵی هەتاویی١٤٠٠ـەوە تا ٢٨ی نۆڤامبری ئەمساڵ (٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠) ئامادە کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ـەوە تا ئێستا ٦١ ژن و کچی لاو لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوشتن و گیانیان لەدەست داوە. ١١ کەس لەمانە کچی مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ بوون. زیاترین هۆکاری ئەم خۆکوشتنانە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی بنەماڵەیی، هەژاری، قبووڵنەکردنی هاوسەرگیریی ئیجباری، خەمۆکی و بەرگرتن بە درێژەدانی خوێندن. زۆربەی ئەم کەسانە دانیشتووی شار (قەزا)ی ورمێ و خێزاندار بوون و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ـەوە تا ئێستا ٢٥ ژنی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران کوژراون. ٤ کەس لەم ژنە کوژراوانە بە ڕێکەوت لەو شوێنانەدا بوون کە ژنانێکی تر کراونەتە ئامانجی کوشتن و ئەمان وەک هاوڕێ، دایک یان خوشکی ئەو ژنانە بە ڕێکەوت لەگەڵیان بوون و گوللەی بکوژەکانیان بەر کەوتووە و گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی ٢١ ژنە کوژراوەکەی تر کە بە هۆکاری ڕەگەزی کراونەتە ئامانجی کوشتن، ٧ کەس لە پارێزگای کرماشان (شارەکانی کرماشان، هەرسین، سونقوڕ و ڕوانسەر)، ٣ کەس لە پارێزگای ئیلام (شارەکانی ئیلام و دەڕەشار)، ٦ کەس لە پارێزگای کوردستان (شارەکانی سنە، سەقز و مەریوان)، ٣ کەس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (شارەکانی پیرانشار و سەردەشت). یەک کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری ساری و کەسێکیش خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری هەمەدان بوون.

١٥ کەس لەم ژنانە بە دەستی هاوسەر، ٢ کەس بە دەستی باوک، ٣ کەس بە دەستی ئەو داخوازیکەرانەی داواکارییەکەیان بۆ هاوسەرگیری ڕەت کراوەتەوە و یەک کەسیش بە دەستی پیاوێک کە هیچ پێوەندییەکی خزمایەتیی لەگەڵیدا نەبووە، کوژراون.

٩ کەس لەم ژنانە بە چەکی گەرم، ٤ کەس بە چەقۆ، ٣ کەس بە لێدان، ٣ کەس لەڕێی سووتاندنەوە، ١ کەس بە خنکاندن و ١ کەسیش دوای بەردانەوەی بەئەنقەست لە ئۆتۆمبێلێکەوە کە لە حاڵی ڕۆیشتندا بووە، گیانیان لەدەست داوە.

فاتمە کەریمی، توێژەری بواری ژنان و بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بەم حاڵەتانەی ژنکوشتن دەڵێت: «لە هەندێ حاڵەتدا هۆکاری کوشتنی هەندێ لەو ژنانە و تەنانەت خودی هۆکاری مەرگیشیان بەتەواوی دیار نییە. لەبەردەستدانەبوونی دۆسیەی پزیشکیی داد، نەبوونی ئیمکانی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییان و… ڕێگرن لە بەردەم دۆزینەوەی حەقیقەتی ئەو حاڵەتانەدا. لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەیشدا کە هەواڵەکەیان لە ڕاگەیاندنە ناوخۆییە دەوڵەتییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە، بەبێ دەستنیشانکردنی ناسنامەی قوربانییەکە یان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتر، «کێشەی بنەماڵەیی» وەک تاکە هۆکاری ژنکوشتنەکان ڕادەگەیەنرێت. لە لایەکی ترەوە، هەندێ لە چالاکانی ژنیش هۆکاری سەرەکیی ئەم توندوتیژییانە لە هۆکاری «نامووسی»دا کورت دەکەنەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ژنان بە هۆکاری جۆراوجۆر و هەندێ جار لەبەر پێداگرتن لەسەر مافە بنەمایی و سەرەتاییەکانیان، لەوانە هەڵبژاردنی هاوژینی داهاتوو، مافی جیابوونەوە یان تەڵاق، مافی کارکردن و…، دەبنە قوربانیی دیاردەی ژنکوشتن. کوشتنی ژنان لەژێر ناوی بەرگریکردن لە شەرەف و نامووسدا تەنها یەک لە هۆکارەکانی ژنکوشتنە. دەکرێت ژنان بە هەر هۆکارێک بکوژرێن؛ هەرکات کە هەڵسوکەوت و شێوازی ژیانیان لەگەڵ حەز و ویستی کەسانی دەوروبەریاندا یەک نەگرێتەوە».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە یان بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی تر، ٢٥ حاڵەتی ژنکوشتن تۆمار بکات.

بۆ بینی وردەکاریی هەموو حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ژنکوشتن، کوشتنی نامووسی، خۆکوشتنی ژنان و هەروەها دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ژنانی چالاکی کورد لە ماوەی نێوان سەرەتای ساڵی هەتاویی١٤٠٠ـەوە تا ٢٨ی نۆڤامبری ئەمساڵ (٣ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٠)، سەردانی ئەم لینکە بکە و ڕاپۆرتەکە بە زمانی فارسی بخوێنەرەوە: