بە پێی راپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە کاتێکدا بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەن پرسی خۆکوژی وەکوو پرسێکی تایبەتیی کەسەکان و لاواز بوونی بیروباوەڕی ئایینی (ئیمان) بناسێنن، کۆمەڵناسان خۆکوژی بە قەیرانێک دەزانن کە دەرهاویشتەی دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتورییە.

بە پێی ئامارێکی تۆڕی تەندروستی و دەرمانی شاری سەردەشت، لە ساڵی رابردوودا ٢١٤ حاڵەتی خۆکوژی لەو شارە تۆمار کراوە و بە پێی رێژەی دانیشتووانەکەی پلەی یەکەمی لە ئێراندا هەیە.

بە گوێرەی ئاماری ساڵی ١٣٩٧/ 2018 رێژەی خۆکوژی لە ناو ژناندا سێ هێندەی پیاوان بووە و زۆربەی ئەو ژنانەش کابانی ماڵ بوون. هەروەها زیاترین رێژەی خۆکوژی لە تەمەنی نێوان ١٨ بۆ ٢٤ ساڵدا روویداوە.

هەر لەو بارەیەوە و لە رۆژانی رابردوودا، کۆنفرانسێک لە ژێر ناوی “لێکدانەوەی کۆمەڵناسانە بۆ پرسی خۆکوژی لە سەردەشت” بە هەوڵی ئەنجومەنی کۆمەڵناسانی ئێران (نووسینگەی سەردەشت) لە زانکۆی ئازادی ئەم شارە بەڕێوەچوو.

وتاربێژان لەم کۆنفرانسەدا وەکوو قەیرانێک باسیان لە پرسی خۆکوژی لە سەردەشت کرد و رەخنەشیان لە نکۆڵیکردن و کەمتەرخەمیی رێکخراوەکان گرت کە لەو بوارەدا بەرپرسن.

هەروەها باس لە کەلێنی کۆمەڵایەتی و چینایەتی، سیستەمی پیاوسالاری و دژەژن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارییەتی لە ئاست پرسی خۆکوژی کرا کە چۆن بوونەتە هۆی پەرەسەندنی ئەم قەیرانە لە سەردەشدا.

سیروان مەحمودی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کۆمەڵناسانی ئێران – نووسینگەی سەردەشت لە لێدوانکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی موکریان کێشەی خۆکوژی لەو شارە و ناچە کوردنشینەکانی ئێران بە پرسێکی کۆمەڵایەتی دەزانێت و دەڵێت: “پرسی خۆکوژی لە کوردستان دەبێت لە بەستێنی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتوری، سیاسی و ئابووریدا شیکاری بکرێت و لێکۆڵینەوەی بۆ ئەنجام بدرێت. ئێمە لە کوردستاندا دوو جۆر کۆمەڵگامان هەیە. کۆمەڵگایەک کە لە دەروەی ئەو، لەلایەن “ئەوانی دی”یەوە هێژمۆنی بەسەردا سەپێندروە و داگیرکراوە و لە هەوڵی سوککردنی مرۆڤی کورد دایە و کەسێتی (خودی) راستەقینەی لێ سەندۆتەوە. کۆمەڵگایەکیش لە ناوەوە، ئەندامانی خستۆتە ژێر هێژمۆنی خۆیەوە. ئەم مەسەلەیەش دەگەڕێتەوە بۆ بەشەکان، توخم و پێکهاتەی مێژوویی، کولتوری و کۆمەڵایەتی “کۆمەڵگای کوردی”. کۆمەڵگایەک کە بە پاراستنی پێکهاتە ئیستبدادی، خێڵەکی و پیاوسالاری تەنگی بە ژیانی ئەندامانی هەڵچنیوە”.

لەلایەکی دیکەوە، ئاماری خۆکوژی لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش جێی نیگەرانییە. بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی چاودێری و هاوئاهەنگی کاروباری گەنجان کە لە گەلاوێژی ساڵی رابردوودا/2018.07 لە رۆژنامەی ئێراندا بڵاوبووەتەوە، تەنیا لە ساڵی ١٣٩٦/2017، ٨٠٠ حاڵەتی خۆکوژی لە پارێزگای ئیلام تۆمارکراوە.

ئومید موحەدێس لەم راپۆرتەدا باس لەوە دەکات: “ئاماری خۆکوژی لە پارێزگای کرماشان بە هۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردوو هەڵکشانی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. هۆکارەکەشی هاتنی بومەلەرزە و کێشەی ئابووری لە ساڵی رابردوودا بووە. بە شێوەیەک كە لە ساڵی رابردوودا ٢٠٩ حاڵەتی خۆکوژی لە پارێزگای کرماشان روویداوە.”

لە خەرمانانی ساڵی رابردوودا/ 2018.08 حەمیدوڵلا بەیگی، نوێنەری ئیلام لە ئەنجومەنی پارێزگاکان باسی لەوە کرد کە خەڵکی ئیلام بە هۆی هەژاری و بێکارییەوە پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن. لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەم پارێزگایە پڕپیت و بەرکەتە بەڵام تەنیا کوێرەوەری بۆ دەمێنێتەوە. هەژاری و بێکاری لەوپەڕی خۆیدایە. نە قەلەم دەتوانێ باسی کێشەکانی بکات و نە زمان توانای دەربرینی هەیە. ئەم پارێزگایە خەزێنە و بانکی پایتەختە. پلەی یەکەمی خۆکوژی لە جیهاندا هەیە، پلەی دووهەمی نەوت و غازی لە ئێراندا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و ژمارەی دانیشتوانەکەشی یەک لە سەرسەدی نفوسی ئێرانە.