ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە (٢٧ی فێبرییە) هێزە ئینتیزامییەکان لە گوندی «ساوان»ی شاری سەردەشت دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبیلێک کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کاسبکارێکی کورد بە ناوی کاوان ئەمجەدی‌نیا کوژراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی ناو خاڵی پشکنینی گوندی «ساوان»ی سەردەشت لە کاتێکدا کەوتوونەتە دوای ئۆتۆمبیلی کاوان ئەمجەدی‌نیا و پاشان دەسڕێژیان لێ کردووە کە ئۆتۆمبیلەکە هەڵگری هیچ کاڵایەکی بیانی نەبووە. لە ئەنجامی دەسڕێژی ئەم هێزانەدا گوللە بەر سەری کاوان ئەمجەدی‌نیا کەوتووە و ئەم کاسبکارە کوردە دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە و ئۆتۆمبیلەکەیش وەرگەڕاوە.

کاوان ئەمجەدی‌نیا باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی گوندی «گەورەشێر»ی سەردەشت بوو.

دەوترێت دوای کوژرانی ئەم کاسبکارە و ئاگاداربوونەوەی بنەماڵە و خزمانی لە ڕووداوەکە، کاروانێکی هێزە چەکدارەکان چوونەتە شوێنی کوشتنی ئەم کاسبکارە کوردە و لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.