شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ئاسۆ محەممەدی، جبرەییل ئەحمەدپوور، مەنسوور نیکزاد، ئیدریس پەرویزی، شۆڕش ئەبووبەکری و سیامەند مینا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ، سەردەشت و مەهاباد دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار (٧ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی ئاسۆ محەممەدی، جبرەییل ئەحمەدپوور، مەنسوور نیکزاد و ئیدریس پەرویزی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەر چوارەکەیان دەستبەسەر کردوون.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی بەفرانبار (٨ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەردەشت هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هونەرمەندی کورد شۆڕش ئەبووبەکری و بە شێوەیەکی توندوتیژیئامێز دەستبەسەریان کردووە.

لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیاندا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٩ی بەفرانبار (٩ی ژانڤییە) هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «گردەبەردان»ی مەهاباد بە ناوی سیامەند مینا بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتیانە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.