جەلیل ئەحمەدی و وریا دڵئەنگیز، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی نایاسایی خۆیاندا، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا مانیان لە خواردن گرتووە.

هێزە ئەمنییەکان لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەردا (٢ی ئۆکتۆبر) جەلیل ئەحمەدییان بەبێ نیشاندانی دەستووری یاسایی و بە لێدان دەستبەسەر کرد. بە وتەی یەکێک لە نزیکانی، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریواندایە و بە هۆی ئەشکەنجەدانی قورسی لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هاووڵاتییەک کە بەم دواییانە لەو دەستبەسەرگەیە ئازاد کراوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لێپرسەوە ئەمنییەکان ئامادە نیین بیبەن بۆ ناوەندە پزیشکییەکان و بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها یەک جار پزیشکێکی جێمتمانەی ئەو ئیدارەیە بینیویەتی.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد کە جەلیل ئەحمەدی لە حەفتەی ڕابردووەوە وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی نایاسایی خۆیدا، مانی لە خواردن گرتووە.

ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی تر لە مەریوان باس لە مانگرتنی وریا دڵئەنگیز، چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا دەکات. ئەم چالاکە مەدەنییە کە ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبر) دەستبەسەر کراوە، ڕۆژی دووشەممە لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە مانی لە خواردن گرتووە.