نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی ٢٣ ساڵەی خەڵکی سەقز، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەفشاری، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وتووێژەوە لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا، سزای دوو ساڵ بەندکران، ١٥ میلیۆن تمەن غەرامە و پێنج ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم ڕۆژنامەوانە لە پەیجی تویتەرەکەی خۆیدا ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی کە ڕۆژی شەممە ٨ی ڕێبەندان (٢٨ی ژانڤییە) بانگهێشت کراوە بۆ بەردەم لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران و بە شێوەی فەرمی حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە. لە دادنامەکەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانەکە بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەسێردراوە.

ئەم حوکمە بەبێ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا و پێشکەشکردنی بەرگرییەکانی پارێزەری ئەم ڕۆژنامەوانە دەرکراوە.

نازیلا مەعرووفیان لەبەر بڵاوکردنەوەی وتووێژەکانی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا لە سایتی «مستقل آنلاین» لە ٨ی ڕەزبەردا (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) بە دەستووری دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کرا و بە درێژایی ماوەی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەدا، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەی قورس و فراوانەوە.

ئەم ڕۆژنامەوانە هەر لەبەر ئەم گوشارانە دوو جار جەڵدەی سووکی دڵی کرد و سەرەڕای هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی موفەتیحی شاری ڕەی، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕاندبوویانەوە بۆ ناو زیندان.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباردا (٩ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا.