سامان یاسین، گۆرانیبێژی ڕەپی خەڵکی کرماشان و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاران، دوای مانگێک مانەوە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەمە (٢٧ی فێبرییە) گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لەسەر هۆکاری گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین و دوایین دۆخی دۆسیەکەی هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

ئەم هونەرمەندە کوردە لە یەک مانگی ڕابردوودا وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیدا لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین بۆ ماوەی حەفتەیەک مانی لە خواردن گرتبوو.

سامان یاسین (سەیدی)، هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەوپەڕی توندوتیژیدا دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکران سەرەتا برایە بنکەی ١٢٧ی پۆلیسی نارمەک و ڕۆژی دواتر ڕەوانەی دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین کرا و دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتەکان گوازرایەوە بۆ زیندانی فەشافوویە یان هەمان تارانی گەورە. ئینجا دوای نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەوێشەوە ڕەوانەی بەندی ٢٤١ی زیندانی ئێڤین کرا.

هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گەڵاڕێزاندا (٢٩ی ئۆکتۆبر) هەواڵی بەڕێوەچوونی دادگای چەند خۆپیشاندەرێکی دەستبەسەرکراویان بڵاو کردەوە کە ناوی سامان یاسین (سەیدی)یشی تێدا بوو. هەر لەم ڕۆژەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانە زۆرەملێیەکانی ئەم گۆرانیبێژە لە ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا بڵاو کرایەوە و وترا کە تۆمەتی «موحارەبە» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد دەر کرا و لە زیندانی ئێڤیندا پێی ڕاگەیەنرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و لە خودی دادگاکەیشدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ زەوت کراوە و ئەو پارێزەرەیش کە هەنووکە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دیاری کراوە، بە بیانووی ئەمنیبوونی دۆسیەکە، تا ئێستا مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیە و دەسپێکردنی ئەرکی پارێزەریی پێ نەدراوە.

لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبر) و دوابەدوای دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان، سامان یاسین بە شێوەی کتوپڕ و چاوەڕاننەکراو لەگەڵ دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامی دیکەدا بە ناوەکانی موحسێن شکاری و محەممەد برەوغەنی گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

سامان یاسین پاش دەستبەسەربوون چەندها جار بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی دراوە. بەندکران لە ژووری تاکەکەسیدا، بەندکران لە ژوورێکدا کە بە ساردخانە ناسراوە، لێدان و ئەشکەنجەدانی قورس و هەڵدانە خوارەوە لە پلەکانەکانی بەندی ٢٤١ـەوە لەو ئەشکەنجانەن کە لەم ماوەیەدا لەسەر ئەم هونەرمەندە کوردە جێبەجێ کراوە. دەوترێت ناوبراو لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا ناچار بووە لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

لە سەرەتای بەفرانباری ئەمساڵدا (کۆتاییەکانی دێسامبری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدام، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردوویەتەوە بۆ بەردەم دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە. لە بەرگەی تۆمارکردنی بارودۆخی ئەم زیندانییە سیاسییەدا کە لە زیندان پێی ڕاگەیەنراوە، تۆمەتی «پیلانگێری بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» و «تێکدانی ئارامی و هێمنایەتیی گشتی» وەک تۆمەتەکانی ئەو ڕاگەیەنراوە.

ئەم هونەرمەندە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزدا (٢٠ی دێسامبر) بە هۆی دۆخی قورسی هۆڵی ٣١ی بەندی ١٠ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، لە ڕێگای هەڵدانی ژمارەیەکی زۆری حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو کە دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەکەی زیندانی چارەسەری بۆ کرا، گوازرایەوە بۆ بەندی سیاسیی ئەم زیندانە.

ناوبراو لە کاتی لێپرسینەوەکاندا لە دەستبەسەرگەی ٢٤١ی زیندانی ئێڤینی تاران لووتیان شکاندووە و هەر بۆیە تووشی کێشەی هەناسە بووە، بەڵام تا ئێستا لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو و پێویست بێبەش کراوە.