بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمە (١٤ی مارس) ٥ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ئارام عومەری، ڕەحمان پەڕحازوو، ئەمیر موشتاق گەنگچین، فەخرەدین دوودکانلووی میلان و ئەشکان عوسماننژاد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست سەپاندنی نادادپەروەرانەی سزای لەسێدارەدان و بەندکراندا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانیان لە خواردن گرتووە. ئەم بەندکراوانە بە دەستووری بەرپرسانی زیندان و دوابەدوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون.

لە ڕێبەندانی ئەمساڵدا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) ئارام عومەری و ڕەحمان پەڕحازوو بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە هاوکاریکردنی هەواڵگری و سیخوڕیدا لە بەرژەوەندیی ئیسراییل» سزای لەسێدارەدان و ئەمیر موشتاق گەنگچین، فەخرەدین دوودکانلووی میلان و ئەشکان عوسماننژادیش هەر بەم تۆمەتە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بەسەردا سەپا.

دوای تانەدانی ئەم بەندکراوانە لەو حوکمە، دۆسیەکە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کراوە.

ئەم زیندانییانە لە پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. ئەم هاووڵاتییانە کە لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحیدا ناچار ببوون دان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن، لە دادگادا وێڕای ڕەتکردنەوەی سەرجەم تۆمەتەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەکاندا ئەشکەنجە دراون.