بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی جۆزەردان (٢١ی ژوەن) سزای لەسێدارەدانی هێمن مستەفایی، بەندکراوی خەڵکی مەریوان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کراوە. شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنەماڵەی ئەم زیندانییە و ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی لە بەردەم زیندانی ناوەندیی سنە کۆ بوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی هێمن مستەفاییان کرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوە ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردان (١٩ی ژوەن) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا.

هێمن مستەفایی پێشتر و له‌ ڕێكه‌وتی ٣١ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٦یشدا (٢١ی ژوەنی ٢٠١٧) به‌ مه‌به‌ستی لەسێدارەدان ڕه‌وانه‌ی ژووری تاكه‌كه‌سی كرابوو، به‌ڵام دوای گردبوونەوەی ناڕه‌زاییانەی بنەماڵەکەی و ژمارەیەک لە چالاكی مه‌ده‌نیی سنه‌، ڕەزامەندیی‌ بنه‌ماڵه‌ی كوژراوه‌كه‌ وه‌رگیرا و هەر بۆیە جێبه‌جێكرانی حوکمەكه‌ به‌ شێوه‌ی كاتی ڕاگیرا.

دەوترێت دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی ناو زیندانی سنە لە ڕەزبەری ١٤٠١دا (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە فەرمانی محەممەد جەباری، داواکاری گشتیی سنە، دۆسیەی ژمارەیەک لە بەندکراوان و لەوانە هێمن مستەفایی بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان نێردرابووە بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکام.

هێمن مستەفایی لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) و دوابەدوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی زیندانیانی زیندانی سنە کە ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی قورسی هێزەکانی گاردی زیندان بوویەوە، ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا و دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا و پاش ١٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە. ئەم زیندانییە لە ماوەی مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بە قورسی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی درابوو و مۆڵەتی دیداری بنەماڵەی و پارێزەریشی لێ زەوت کرابوو.

هێمن مسته‌فایی، له‌دایكبووی ساڵی ١٣٦٨ (١٩٨٩) و دانیشتووی شارۆچکەی «کانی دینار»ی سه‌ربه‌ شاری مه‌ریوان‌، له‌ ڕێكه‌وتی ١١ی ڕه‌شه‌مەی ١٣٩١دا (١ی مارسی ٢٠١٣) به‌ تۆمه‌تی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ستی ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران به‌ ناوی ئێبراهیم محه‌ممه‌دی له‌ مه‌ریوان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ڕه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری سنه‌ كرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە، ناوبراو له‌ ماوه‌ی لێپرسینه‌وه‌کان و‌ لەژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌ختی جه‌سته‌یی و ڕۆحیدا بە ناچار كوشتنی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سپای گرتووەتە ئەستۆ و لەژێر هەڕەشە و بەڵێنی لێپرسەوە ئەمنییەکاندا ئامادە بووە سیناریۆ پێشوەختەکەی لێپرسەوەکان قبووڵ بکات.

له‌م دۆسیه‌یەدا سێ هاووڵاتیی دیكه‌ی مه‌ریوانی به‌ ناوه‌كانی به‌یان كاكا‌یی، هیوا دادئافه‌رین و خه‌لیل شێرزادی به‌ تۆمه‌تی به‌شداریکردن له‌ کوشتنەکه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون. تەلەڤیزیۆنی پرێس تیڤی له‌ ٩ی به‌فرانباری ساڵی ١٣٩٢دا (٣٠ی دێسامبری ٢٠١٣) به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی دێكۆمێنتارییەک به‌ ناوی «سووژەی هاوبەش» دانپێدانانی زۆره‌ملێێ ئه‌م چوار زیندانییه‌ی بڵاو كرده‌وه‌.

هێمن مسته‌فایی پێش ده‌ستبه‌سه‌رکران ماوه‌یه‌ك ئه‌ندامی یه‌كێك له‌ حیز‌به‌ كوردییه‌كان بووە، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی كورت وازی لەو حیزبە هێناوە و دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئیداره‌ ئیتلاعاتدا گه‌رابووه‌وه بۆ‌ مه‌ریوان.هێمن مسته‌فایی سه‌ره‌تا له‌ دادگای كه‌یفه‌ریی سنه‌دا به‌ تۆمه‌تی «هه‌ڵگرتنی چەک»‌ سزای چوار ساڵ بەندکران و بە تۆمه‌تی «كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست»یش سزای لەسێدارەدان (قه‌ساسی نەفس)ی به‌سه‌ردا سه‌پا. هه‌رچه‌ند ئیداره‌ی ئیتلاعات و سپا داوایان کردبوو دۆسیه‌یه‌كیش به‌ تۆمه‌تی «موحارەبە» بۆ هێمن موسته‌فایی بکرێتەوە، به‌ڵام دیوانی باڵای ئێران لەبەر نه‌بوونی بەڵگەی پێویست و باوەڕپێکراو ئەم تۆمەتەی ڕەت کردبووەوە.

تەرمی هێمن مستەفایی دوای لەسێدارەدان