لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم چوار چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی مەسعوود میرایی، ئیبراهیم میرایی، هۆزان باباکەرەمی و یاسر نووری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی سنە و جوانڕۆ دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) هێزە ئەمنییەکان لە بەردەم بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی سنە بۆ کرماشاندا بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی چالاکێکی مەدەنییان بە ناوی مەسعوود میرایی، ٥٣ ساڵان و خەڵکی سنە، دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ئەم چالاکە مەدەنییە کە ماوەیەک لەمەوپێش نەشتەرگەریی کراوەی دڵی بۆ کراوە و نەخۆشیی شەکرەیشی هەیە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاری و دەرمانی پزیشکی بێبەش کراوە.

هاوکات برایەکی دیکەی ئەم چالاکە مەدەنییە بە ناوی ئیبراهیم میرایی بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لە سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها هەر لەم ڕۆژەدا هۆزان باباکەرەمی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی، بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە شوێنی کارەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ڕۆژی ڕابردوویش یاسر نووری، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی جوانڕۆ، لە شەقامێکی ئەم شارەدا و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی، بە توندوتیژی و لێدانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا (ژوەن و جولای ٢٠٢٣) لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.