لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (سەرەتای ئاوریل) لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرابوو، هەڵوەشاوەتەوە. لە کاتێکدا کە هەواڵنێرییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندووە کە سزاکە بە پلەیەک کەمکردنەوە گۆڕدراوە بۆ سزای بەندکران، بەڵام تا ئێستا بە شێوەی فەرمی هیچ ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ڕێژەی سزاکە بەم زیندانییە سیاسییە و پارێزەرەکانی ڕانەگەیەنراوە.

ڕۆژی ڕابردوو ناسر عەتابەتی، سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند کە «مامۆستا خزرنژاد لە پرۆسەیەکی یاسایی لە دادگای شۆڕشی ورمێدا و بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانی بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» دادگایی کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو و حوکمەکەیشی لە دیوانی باڵادا وەک خۆی پەسەند کرایەوە».

ئەم بەرپرسە سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە زیادی کردووە کە «پاش ئەوەی کە ئەم کەسە پەشیمانیی لە تاوانەکانی خۆی دەربڕی و تۆبەی کرد، هەروەها دوای بەدواداچوونی نوێنەری بەڕێزی وەلیی فەقیهـ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ژمارەیەک لە مامۆستایانی بەڕێزی سوننەی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان، بەتایبەت مامۆستای شۆڕشگێڕ حاجی مەلا قادر قادریی ئیمام جومعەی پاوە، هەروەها نوێنەرانی پارلەمان و…، بابەتی ئەم مامۆستایە لەگەڵ دۆسیەی ژمارەیەک لە تاوانکارانی دیکەدا برایە بەردەم کۆمیسیۆنی بەخشین و لێخۆشبوونەوە و بە دەنگی ئەرێنییەوە لێکۆڵینەوەی بۆ کرا و دواجار بە پلەیەک کەمکردنەوە، سزای لەسێدارەدانەکەی گۆڕدرا بۆ سزای بەندکران».

ئەگەرچی ماڵپەڕی میزان، دەزگای دادوەری و سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا باسیان لە «لێخۆشبوون بە پلەیەک دابەزاندنەوە» کردووە، بەڵام تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە تا ئەمڕۆ تەنها هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەدان بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنراوە و لەسەر ڕێژەی بەندکرانەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان پێ نەدراوە.

ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ (٣ی ئاوریل) لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی ئەم مامۆستا کوردەی پەسەند کردبوو، مامۆستا محەممەد خزرنژاد پێشتر لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. پەسەندکرانی ئەم سزایە بووە هۆی پەرچەکرداری بەربڵاوی کۆمەڵگەی سوننە لە ئێراندا.

دوای پەسەندکرانی سزاکە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە، داوای لێخۆشبوونی ئەم مامۆستایە لە لایەن پارێزەران و بنەماڵەکەیەوە پێشکەشی کۆمیسیۆنی بەخشین و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری کرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسی-مەزهەبییە لە ئێستەدا بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتباران، لە بەندی وەرگرتنی ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراوە کە تایبەتە بەو بەندکراوانەی لە دۆخی هەڵپەسێردراو و نادیاردان.

محەممەد خزرنژاد لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندبوو و لەوپەڕی توندوتیژیدا پەلاماری مامۆستا خزرنژاد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دابوو. هەروەها یاسر خزرنژادی کوڕی مامۆستایشیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کردبوو.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد دوای ئەوە دەستبەسەر کرا کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مزگەوتی ئیفتیخاریی بۆکاندا وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کرد. ئەم مامۆستایە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا کۆمەڵێک بۆچوون و بابەتی بۆ پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و یادکردنەوەی گیانبەختکردوان بڵاو دەکردەوە.

محەممەد خزرنژاد لە چەند حەفتەی یەکەمی دەستبەسەربووندا مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کرابوو و بۆ ماوەی ١٠٨ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە. ئاستی ئەشکەنجەکان هێندە قورس بووە کە تەنانەت دوای گواستنەوەیشی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئاسەواری بەسەر لەشیەوە دیار بووە.

دادگای مامۆستا خزرنژاد لە چوار کۆبوونەوەی کورتدا کە دواهەمینیان لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بوو، بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و دادوەر بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوە و بەرگرییەکانی تۆمەتبار و تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، لەوانە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانی زۆرەملێ کە بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیرابوو، ئاوا سزایەکی بەسەردا سەپاندبوو.

مامۆستا خزرنژاد لە هەر چوار کۆبوونەوەکەی دادگادا سەرەڕای ئەوەی دەرفەتی گونجاوی بۆ بەرگریکردن پێ نەدرابوو، سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە هەرهەموو دانپێدانانەکان، لەوانە گرتەڤیدیۆییە تۆمارکراوەکە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بە زۆر و لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا لێی وەرگیراوە. هەروەها گومانی خستبووە سەر ئەهلییەتی دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی و داوای کردبوو لە دادگای تایبەتی مەلاکاندا دادگایی بکرێت.

محەممەد خزرنژاد هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بەشی ئەدەبیاتی عەرەبە و لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر سەرقاڵی توێژینەوە و وەرگێڕان لە بواری زانستە ئیسلامییەکاندا بووە. ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ناچار کراوە واز لە ئەرکی بەرنوێژی لە مزگەوتە جیاوازەکانی سنە و بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریاندا بهێنێت.