سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەیاد دەروێشی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای بانگهێشتکردنی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراوە.

ئەم هاووڵاتییە دادخوازە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە لایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

سەیاد دەروێشی لە سەرەتای گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شەقامێکی ورمێدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

ئەم هاووڵاتییە نزیک بە ٢ مانگ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. دواجار لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٣١ی دیسامبەری ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

سەیاد دەروێشی لە کاتی دەستبەسەرکراندا لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەدا بێبەش کرابوو.

فەرجاد دەروێشی، هاووڵاتیی کوردی ٢٣ ساڵانی خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی وەلیعەسری ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکانی ئێران گیانی بەخت کرد.

دامودەزگا ئەمنییەکان ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ (٢٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گوندی «بالۆ»ی ورمێ جێگیر کران و مۆڵەتیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یەکەم ساڵیادی گیانبەختکردنی فەرجاد دەروێشی نەدا و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کرد.