تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە.
هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە خەرمانانی ١٤٠٣دا (ئاگۆست و سێپتامبەری ٢٠٢٤):
- لەسێدارەدان
لانیکەم ٧ بەندکراوی کورد کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندار بە «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانەکانی تەورێز، خوڕەمئاوا، مەهاباد، هەمەدان، میاندواو و قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران.
ژمارە | ناو | خەڵکی | تۆمەت | بەرواری لەسێدارەدان | شوێنی لەسێدارەدان | ڕوونکردنەوە | |
١ | محەممەدخالید جەهانگیری | ورمێ | مادە هۆشبەرەکان | ١ی خەرمانان | زیندانی ناوەندیی تەورێز | باوکی ۲ منداڵ و خەڵکی گوندی بالۆی ورمێ بوو. | |
٢ | مەیسەم حسەینخانی | کووهدەشت | کوشتنی بەئەنقەست | ٧ی خەرمانان | زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا | ٣ ساڵ لەمەوپێش دەستبەسەر کرابوو. | |
٣ | سیروان ئەبووبەکری | سەردەشت | کوشتنی بەئەنقەست | ٨ی خەرمانان | زیندانی ناوەندیی مەهاباد | باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی باوەی سەردەشت بوو. | |
٤ | سابیر جەمالی | کەنگاوەر | کوشتنی بەئەنقەست | ١١ی خەرمانان | زیندانی ناوەندیی هەمەدان | ۲۹ ساڵان و نزیکەی ۵ ساڵ لەمەوپێش دەستبەسەر کرابوو. | |
٥ | فەیزوڵڵا حسەینپوور | سایین قەڵا | کوشتنی بەئەنقەست | ١٨ی خەرمانان | زیندانی ناوەندیی میاندواو | باوکی سێ منداڵ بوو. | |
٦ | سلێمان قارەمانی | سایین قەڵا | کوشتنی بەئەنقەست | ١٩ی خەرمانان | زیندانی ناوەندیی میاندواو | ۲۹ ساڵان و نزیکەی ۵ ساڵ لەمەوپێش دەستبەسەر کرابوو. | |
٧ | سەجاد بەندەگی | هەرسین | مادە هۆشبەرەکان | ٢٠ی خەرمانان | زیندانی قزلحەساری کەرەج |
- ژنکوشتن
موبینا زەینیوەند، ١٧ ساڵان و خەڵکی دەڕەشاری ئیلام، بە چەکی گەرم و بە دەستی باوکی کوژرا. دەوترێت ناڕازیبوونی باوکی بە هاوسەرگیریی موبینا هۆکاری ئەم ژنکوشتنە بووە.
هەروەها ژنێکی ٣٦ ساڵانی خەڵکی شاری ئیلام بە دەستی باوکی بە چەقۆ کوژرا، زانیارییەکی ورد لەسەر ناسنامە و هۆکاری ئەم ژنکوشتنە بەردەست نەکەوتووە.
ژمارە | ناو | شوێنی ڕوودان | بەرواری ڕووداو | ڕوونکردنەوە | |||||
---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
١ | موبینا زەینیوەند | گوندی گرزەلەنگەری دەڕەشاری ئیلام | ٥ی خەرمانان | ئەم کچە ١٨ ساڵانە بە دەستی باوکە ٥٦ ساڵەکەی کوژرا. بکوژ دوای ئەوەی خۆی ڕادەستی دادگا کرد، ڕایگەیاند کە هۆکاری کوشتنی کچەکەی «کێشەی خێزانی» بووە. دەوترێت موبینا لەبەر ئەوەی ویستوویەتی لەگەڵ کەسێکی دڵخوازی خۆیدا هاوسەرگیری بکات بە دەستی باوکی کوژراوە. | |||||
٢ | ناسنامە نەزانراوە | ئیلام | ١٧ی خەرمانان | ئەم ژنە لاوە بە دەستی باوکە ٧٠ ساڵەکەی بە چەقۆ کوژرا و دەوترێت هۆکاری کوشتنەکە «کێشەی خێزانی» بووە. |
- کۆڵبەران
ئەسعەد ئێسپەندار، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت, لە ناوچە سنوورییەکانی بانە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژرا. هەروەها فەردین ڕوستەمنژاد، کۆڵبەری لاوی خەڵکی گوندی «شمشێر»ی پاوە کە ١٨ مانگ لەمەوپێش بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار و تووشی بڕینی مۆخ بووبوو، بە هۆی قووڵبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا. کۆڵبەرێکیش لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامان بە هۆی پەلامار و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانەوە بریندار بوو.
ژمارە | ناو | خەڵکی | شوێنی ڕوودان | بەرواری ڕووداو | کوژراو-بریندار | ڕوونکردنەوە | ||
---|---|---|---|---|---|---|---|---|
١ | ئەسعەد ئێسپەندار | سەردەشت | بانه | ٩ی خەرمانان | کوژراو | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان | ||
٢ | عەبدوڕەحمان غوڵامی | سنە | هەورامان | ٢٣ی خەرمانان | بریندار | پەلامار و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکان | ||
٣ | فەردین ڕوستەمنژاد | پاوه | پاوه | ٣٠ی خەرمانان | کوژراو | بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان تووشی بڕینی مۆخ بووبوو و دوای ١٨ مانگ بە هۆی قووڵبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا. دوو برای کۆڵبەری دیکەیشی پێشتر بریندار بووبوون. |
- سزاکان
سزای لەسێدارەدانی حاتەم ئوزدەمیر، زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی کوردستانی تورکیا، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە گوڵانی ئەمساڵدا (مەیی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.
هەروەها بۆ لانیکەم چالاکێکی ئایینی لە لایەن دادگای تایبەتی مەلایانی هەمەدانەوە سزای بەندکران دەر کراوە و سزای دوورخستنەوە، سزای پارە و قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە ئێران بۆ دوو هاووڵاتیی دیکە لە دادگای پیاچوونەوەدا پەسەند کراوە.
ژمارە | ناو | خەڵکی | تۆمەت | بەرواری دەرکردنی بڕیار | دادگای بڕیاردەر | سزا | ڕوونکردنەوە | ||
١ | مامۆستا سابیر خودامورادی | سەقز | بانگەشەی دژ بە حکومەت | سەرەتای خەرمانان | دادگای تایبەتی مەلایانی هەمەدان | ١٥ مانگ بەندکران | |||
٢ | فەرهاد شێخی | سەقز | بانگەشەی دژ بە حکومەت | ناوەڕاستی خەرمانان | دادگای پیاچوونەوە | ٨ مانگ بەندکران، ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ زادگەکەی و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران | |||
٣ | ئومید قەدیمی | دیواندەره | هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا، بانگەشەی دژ بە حکومەت و بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی | ٢٦ی خەرمانان | دادگای پیاچوونەوە | ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو و ۳ میلیۆن تمەن سزای پارە | |||
٤ | حاتەم ئوزدەمیر | کوردستانی تورکیا | موحارەبه | ٢٦ی خەرمانان | دیوانی باڵای ئێران | پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان |
- دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی
لەم مانگەدا و هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ژمارەیەک لە چالاکان و هاووڵاتیانی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، مەریوان، سەوڵاوا و بۆکان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە.
سیاوەش سوڵتانی، ڕامیار ئەبووبەکری، مینا سوڵتانی و ئەحمەد حەسەنزاده، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، لە ڕیزی دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگەدان. دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی بۆکان، تا ئێستایش هەر دەستبەسەرە، بەڵام ئەو سێ کەسەکەی دیکە دوای چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٥ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ماڵەکەی خۆیان گەمارۆ دران و مۆڵەتی چوونەدەرەوەیان پێ نەدرا. هەروەها هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگاکانی گۆڕستانی ئایچیدا جێگیر کران و مۆڵەت بە خەڵک نەدرا لەسەر مەزاری ژینا ئەمینی کۆ ببنەوە.
هاوکات هەر لەم ڕۆژەدا کاسبکاران و بازاڕیانی شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان و مەهاباد مانیان گرت و دووکانەکانیان داخست. دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ و دوابەدوای مانگرتنی بەربڵاوی دووکانداران لەم شارانەدا، چەندین دووکان لە شاری سنە بە فەرمانی دادوەر پۆلۆمپ کران و داخران.
- دەستبەسەرکردن
لەم مانگەدا و هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، لانیکەم ٤١ هاووڵاتی، ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، هونەرمەند، ڕاگەیاندنکار و چالاکی سیاسی، مەدەنی و ئایینیی کورد، لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە هۆکاری سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کران.
ڕامیار ئەبووبەکری، ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان و پووریا حسەینی دوو منداڵن کە لەم مانگەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها ٤ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی مەهاباد، نەغەدە و بۆکان کراون.
ژمارە | ناو | خەڵکی | شوێنی دەستبەسەرکردن | بەرواری دەستبەسەرکردن | بواری چالاکی | شوێنی ڕاگرتن و دوایین بارودۆخ | ||
---|---|---|---|---|---|---|---|---|
١ | سلێمان سالک | مەهاباد | مەهاباد | ٣ی خەرمانان | هاووڵاتیی ٧١ ساڵان | دەستبەسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی مەهاباد بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ۱۰ ساڵ بەندکران | ||
٢ | مامۆستا عەلی بەهرامی | مەریوان | مەریوان | ٤ی خەرمانان | بەرنوێژی گوندی نێی مەریوان | دوای گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کرا. | ||
٣ | مەتین حەسەنی | بۆکان | بۆکان | ٥ی خەرمانان | برینداری چاوی خۆپیشاندانەکانی گەڵاڕێزانی ٩٨ | دەستبەسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣١ مانگ بەندکران | ||
٤ | ناسر مورادی | سایین قەڵا | سایین قەڵا | ١٠ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٥ | سیاوەش سوڵتانی | مەهاباد | مەهاباد | ١٣ی خەرمانان | ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان | |||
٦ | ڕامیار ئەبووبەکری | مەهاباد | مەهاباد | ١٣ی خەرمانان | ۱۶ ساڵان و ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان | |||
٧ | ئومید ئەحمەدنژاد | مەهاباد | مەهاباد | ١٣ی خەرمانان | گۆرانیبێژ و هونەرمەند | |||
٨ | عادڵ کاکه | مەهاباد | مەهاباد | ١٣ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٩ | لوقمان زەنگی | مەهاباد | مەهاباد | ١٤ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
١٠ | سیامەند زەنگی | مەهاباد | مەهاباد | ١٤ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
١١ | دیاکۆ عەزیزی | شنۆ | شنۆ | ١٤ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
١٢ | سەعدوون شەریفی | پیرانشار | پیرانشار | ١٤ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
١٣ | سلێمان چووپانی | پیرانشار | پیرانشار | ١٥ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
١٤ | عەلی حسەینپوور | پیرانشار | پیرانشار | ١٥ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
١٥ | واحید ئەبووبەکری | پیرانشار | پیرانشار | ١٥ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
١٦ | ماردین دێهقانی | مەریوان | مەریوان | ١٧ی خەرمانان | هاووڵاتیی ١٨ ساڵان | |||
١٧ | عەبدوڵڵا قەنبەریوەند | پیرانشار | پیرانشار | ١٧ی خەرمانان | هاووڵاتی | دەستبەسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی نەغەدە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران | ||
١٨ | مەحموود قەنبەریوەند | پیرانشار | پیرانشار | ١٧ی خەرمانان | هاووڵاتی | دەستبەسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی نەغەدە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران | ||
١٩ | فواد مورادی | دیواندەره | دیواندەره | ١٨ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢٠ | نەوید شەریفی | دیواندەره | دیواندەره | ١٨ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢١ | فەرهاد قەمەری | دیواندەره | دیواندەره | ١٨ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢٢ | محەممەد ئەمینی | دیواندەره | دیواندەره | ١٨ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢٣ | مزەفەر دارایی | دیواندەره | دیواندەره | ١٨ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢٤ | ڕاشد ئەدوایی | سەوڵاوا | سەوڵاوا | ١٨ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢٥ | کامران ئەفسەری | مەریوان | مەریوان | ٢٠ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢٦ | ئارام سادقی | سنە | سنە | ٢٠ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢٧ | مینا سوڵتانی | بۆکان | بۆکان | ٢١ی خەرمانان | ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان | |||
٢٨ | میلاد پیرانی | دیواندەره | دیواندەره | ٢١ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٢٩ | ڕەزا عەلایی | بانه | بانه | ٢١ی خەرمانان | فلیمساز و دەرهێنەر | |||
٣٠ | ئەحمەد حەسەنزاده | بۆکان | بۆکان | ٢٥ی خەرمانان | ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان | ڕۆژی ٢٧ی خەرمانان بە بارمتە ئازاد کرا. | ||
٣١ | ئارمان نەوشادی | دیواندەره | دیواندەره | ٢٦ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٣٢ | ئامانج ئەحمەدی | دیواندەره | دیواندەره | ٢٦ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٣٣ | پووریا حسەینی | دیواندەره | دیواندەره | ٢٦ی خەرمانان | هاووڵاتیی ١٦ ساڵان | |||
٣٤ | سەلاح فەتحی | دیواندەره | دیواندەره | ٢٧ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٣٥ | مانی محەممەدی | دیواندەره | دیواندەره | ٢٧ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٣٦ | فەردین مستەفایی | سەقز | سەقز | ٢٨ی خەرمانان | بەرپرسی کاناڵی تێلێگرامیی سەقز ڕووداو | |||
٣٧ | سینا محەممەدی | بڵوانئاوای دێولان | بڵوانئاوا | ٢٨ی خەرمانان | چالاکی مەدەنی | |||
٣٨ | خەلیل ئەسغەری | دیواندەره | دیواندەره | ٢٩ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٣٩ | حسەین فەتاحی | گیەڵان | گیەڵان | ٢٩ی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٤٠ | زاهید (پاشناو نەزانراوە) | مەریوان | مەریوان | کۆتایی خەرمانان | هاووڵاتی | |||
٤١ | سەیاد دەروێشی | گوندی بالۆی ورمێ | ورمێ | کۆتایی خەرمانان | ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان | دەستبەسەرکردن و گواستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران |
- مافە پیشەییەکان
لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ١٤ چالاکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە ناوەکانی نەسرین کەریمی، فاتمه زەندکەریمی، محەممەدڕەزا مورادی، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، ڕزگار حەیدەری، غیاس نێعمەتی، مەجید کەریمی، سەلاح حاجی میرزایی، کووروش عیزەتیی ئەمینی، فەیسەڵ نووری، ڕەزا تەهماسبی، شەهریار نادری و بێهزاد قەوامی، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە دۆسیەی یاساییان بۆ کرایەوە و بە مەبەستی دەسپێکردنی پرۆسەی لێپرسینەوە بانگهێشتی بەردەم دادگا کران.
- دۆخی زیندانیانی سیاسی
عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری کە مۆڵەتی پشووی پزیشکیی پێ درابوو، سەرەڕای ئەوەی پێویستی بە دەرمان بوو، گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی سەقز.
دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) کە بڕیار بوو ڕۆژی ٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) بەڕێوە بچێت، بە هۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی و دادوەر عەمووزادی ڕاوێژکاری دادگاکە، جارێکی تر هەڵوەشایەوە و دوا خرا بۆ کاتێکی دیکە. ئەمە دووەم جارە کە کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە کوردە دوا دەخرێت.
حەسەن مەردانی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان کە لە زیندانی ئەم شارەدا سزای بەندکرانەکەی تێدەپەڕێنێت، سەرەڕای ئەوەی پێویستی بە خزمەتگوزاریی پزیشکییە، لە مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش کراوە.
داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی پەرهام پەروەری، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، بۆ دووەم جار لە دیوانی باڵای ئێران ڕەت کرایەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە سزای ١٠ ساڵ دوورخستنەوە بۆ زیندانی جاسک لە پارێزگای هورموزگان و پێنج ساڵ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپابوو. ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ (١٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) بە شێوەی نهێنی لە زیندانی ئێڤینەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان.
مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینی و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارە.
- تێکهەڵچوونی سەربازی لە نێوان حیزبەکانی کوردستان و هێزەکانی ئێراندا
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) چەند ئەندامێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە نزیک گوندی «پیرانە کۆن»ی مەریوان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسداران و لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی نێوانیاندا، ڕێبوار کەریمیان، بەرپرسی سەربازیی ئەو حیزبە، گیانی بەخت کرد.
- ژینگە
لە ناوەڕاستی خەرماناندا (سێپتامبەر) سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی جادە و بنکەی سەربازی، بەشێک لە بەرزاییەکانی کوێستانی پارێزراوی شاهۆ لە گوندی «شمشێر»ی شاری پاوەی تێک دا. سوپای پاسداران بە مەبەستی دروستکردنی جادەیەکی سەربازی لە بەرزاییەکانی «زاولیی گەورە» و «زاولیی بووچک»، کاروانێکی کەرەستەی جادەسازیی ڕەوانەی ناوچەکە کرد و بەشێکی بەرچاوی ئەو دەڤەرە پارێزراوەی کاول کردووە. ئەم هێزانە هاوکات بەشێک لە ناوچەی «پیازەدۆڵ»ی شاهۆیشیان هەر بە مەبەستی دروستکردنی جادە کاول کردووە.
هەروەها ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) دوابەدوای تێکهەڵچوونی نێوان تیمێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هێزەکانی سوپای پاسداران کە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر درێژەی هەبوو، تۆپبارانکردنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشێکی بەربڵاوی بەرزاییە سنوورییەکانی «سوورێن» لە نێوان مەریوان و هەرێمی کوردستاندا.