ڕۆژی ڕابردوو ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر)، کەیوان ڕەشۆزادە، زیندانیی سیاسیی کورد، بە هۆی دەربڕینی ناڕەزاییەوە لە بەرانبەر بارودۆخی بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا و لەسەر فەرمانی بەرپرسانی زیندان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە لە ڕۆژی ڕابردووەوە و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕاگرتنی خۆی لە ژووری تاکەکەسیدا مانی لە خواردن گرتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبەر) کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسی لە کاتی بەسەرکردنەوەی بەندەکەیان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، ناڕەزایی خۆیان لە ئاست بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە لە لایەن ژمارەیەکی تر لە زیندانیانەوە لە ژوورەکانی ئەم بەندەدا ڕاگەیاندووە. دوای دروستبوونی دەمەقاڵە لە نێوان زیندانیانی سیاسی و بەرپرسانی زینداندا، کەیوان ڕەشۆزادە و کامران قاسمی برانە بەردەم بەشی وەرگرتن، کامران قاسمی دوای چەند کاتژمێرێک گەڕایەوە ناو بەند و کەیوان ڕەشۆزادەیش ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. ئەم زیندانییە سیاسییەیش وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست ڕاگرتنی خۆی لە ژووری تاکەکەسیدا مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم زیندانییە هەروەها لەسەر فەرمانی بەرپرسانی زیندان لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەیش بێبەش کراوە.

کەیوان ڕەشۆزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب حاجیزادە و عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

دادگای ئەم هاووڵاتییانە دوای ساڵێک لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. حوکمەکە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ ئومید سەعیدی و کامران قاسمیدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نادیاربوونی چارەنووسیاندا و گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی زیندانیان، لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرت. کەیوان ڕەشۆزادە لە جۆزەردانی ١٤٠١یشدا (ژوەنی ٢٠٢٢) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەگەڵ داواکارییەکەیدا بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو.