بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، یووسف ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی کورد، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا و «بەشداریکردن لە کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیدا» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. هاوکات ٣ تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی سزای بەندکرانی قورسیان بەسەردا سەپاوە.
لە حوکمەکەی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەدا محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی بە تۆمەتی «هاوبەشی لە بەغیدا» بە ڕیز سزای ٢٥، ٢٠ و ٢٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

ئەم چوار هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری بانە، لە ڕێکەوتی ٨ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢٠) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری سنە. ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەربووندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحییەوە و بۆ ماوەی چەندین مانگ مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەیان پێ نەدرا.

یووسف ئەحمەدی هەروەها لە ڕەوتی سەرکوتکردنی زیندانیانی زیندانی ناوەندیی سنە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لەگەڵ دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدامی دیکەدا بە ناوەکانی هێمن مستەفایی و شۆڕش موروەتی دوای لێدانێکی زۆر لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە، سەرلەنوێ ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە.

هێمن مستەفایی ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان (٢١ی ژوەن) و شۆڕش موروەتی ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژ (٢٢ی ئاگۆست)ی ئەمساڵ لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە دران.