بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانیی سیاسیی کورد کە ماوەی چەندین ساڵە نەخۆشیی فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia)، تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە و هەوکردنی بۆریی میزی لەگەڵە، بە هۆی لێکەوتەکانی چارەسەری تیشکەوە کە لە ڕابردوودا بۆی کراوە، تووشی شێرپەنجەی ڕژێنەی دوانزەگرێیش بووە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم زیندانییە سیاسییە تا ئێستایش لە وەرگرتنی چاودێریی پسپۆڕانەی پزیشکی و هەروەها گواستنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان بێبەش کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەرڕۆژ لانیکەم سێ جار تووشی ڕێفلێکسی خوێن و هەروەها خوێنڕشانەوەی قورس بە هۆی هەبوونی ڕژێنەیەک لە بەشی دوانزەگرێی کۆئەندامی هەرسدا دەبێت و ئەمەیش بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی کێشی جەستەی، بە جۆرێک کە ئێستە کێشی بۆ کەمتر لە ٣٥ کیلۆ دابەزیوە و لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە. هاوکاتیش لەبەر هەبوونی ڕژێنەی شێرپەنجە لە ناو بەشی دوانزەگرێی کۆئەندامی هەرسیدا ناتوانێت بۆ نەخۆشییەکەی تری، هەوکردنی بۆریی میز، دەوای ئانتی‌بیوتیک بە کار بێنێت.

پارێزەرەکەی موتەلیب ئەحمەدیان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناجێگیری پارێزوانەکەی و نەبوونی توانای مانەوە لە زینداندا، داوای ڕاگرتنی حوکمەکەی کردووە، بەڵام داواکاری گشتیی شاری تاران قبووڵکردنی داواکارییەکەی بەستووەتەوە بە بۆچوونی سێ ڕاوێژکاری پزیشکی و کۆمیسیۆنی پزیشکییەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی ئیتلاعات تەگەرە دەخاتە بەر ئەم داواکارییە و بەشێک لە بەڵگەنامە پزیشکییەکانی ناو دۆسیەی پزیشکیی ئەم زیندانییە سیاسییەیان لابردووە.

بەرپرسانی زیندانی ئێڤین بە موتەلیب ئەحمەدیانیان ڕاگەیاندووە کە لە حەفتەکانی داهاتوودا ڕێوشوێنی پێویست بۆ هەناردنی بۆ دەرەوەی زیندان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە بارودۆخەکەی لە لایەن ٣ ڕاوێژکار، نەشتەرگەری مێشک و دەمار، ئۆرۆلۆژیست و پسپۆڕی کۆئەندامی هەرسەوە دەگیرێتە بەر و پاشان کۆمیسیۆنی پزیشکی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەستی داواکاری گشتیی تاران دەکات.

بەرپرسانی زیندان هەروەها پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر پزیشکیی دادیش بڕیاری دەرمانکردنی بدات، سەرجەم تێچووەکانی نەشتەرگەری و دەرمان لە ئەستۆی خودی ئەم زیندانییە سیاسییەدا دەبێت و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری یەکسەر دەگەڕێنرێتەوە بۆ زیندان تاکوو قۆناغی چاکبوونەوە لە زینداندا بباتە سەر. ئەمە لە حاڵێکدایە کە پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە قۆناغی چاکبوونەوەی زیاتر لە ٦ مانگ دەخایەنێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئیمکانە بەرکورتە پزیشکییەکان و زۆربوونی ڕێژەی بەندکراوان، مانەوەی لە زینداندا مەترسیدارە.

موتەلیب ئەحمەدیان کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ نەخۆشیی ئارکیتیسدا (ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ) دەستەویەخە بوو، لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دێسامبری ٢٠٢٢) لە ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زینداندا نەشتەرگەریی بۆ کرا و ڕۆژێک دواتر بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شار.

موتەلیب ئەحمەدیان لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨ (ژانڤیەی ٢٠٢٠) و لە دووتوێی نامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە. ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ئاماژەدان بە ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ و شکانی سێ مۆرەی بڕبڕەی پشتی لەژێر ئەشکەنجەکانی قۆناغی لێپرسینەوەدا، وتبووی کە هۆکاری خراپتربوونی دۆخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە کاتی خۆیدا و نووسیبووی: «بە داخەوە زیندان ئامادە نییە پێش و پاش نەشتەرگەری تێچووەکانی دەرمان دابین بکات، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران کۆی تێچووی دەرمانکردنی بەندکراوان لە ئەستۆی خودی ئەو ڕێکخراوەیەدایە، بەڵام من خۆم کۆی تێچووەکانم دابین کردووە و لەبەر ئەوەی توانای دابینکردنی پارەی زیاترم نەبوو بە ناچار وازم لە درێژەدانی پرۆسەی دەرمان هێنا».

موتەلیب ئەحمەدیان، هاووڵاتیی ٣١ ساڵانی خەڵکی بانە، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٨٩ (٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٠) دەستبەسەر کرا و دوای ٨ مانگ مانەوە لە دۆخی سەختی ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە و لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییدا، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا. هەروەها لە دوو دۆسیەی دیکەیشدا بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەکانەوە» سزای یەک میلیۆن ڕیال غەرامە و ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ٩ ساڵ بەندکران و پێدانی نیوەی دیەیەکی تەواو و ٢٠ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپاوە.

موتەلیب ئەحمەدیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە زیندانەکانی سەقز، سنە، ڕەجایی شار و ئێڤیندا بووە.