سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی کە ساڵی ڕابردوو لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە «افساد فی‌الارض» تۆمەتبار کراون کە دەشێت سزای لەسێدارەدانی بەدواوە بێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، محەممەد فەرەجی و کامران سوڵتانی بە ڕیز لە ڕۆژانی ٥ی بەفرانبار و ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢ و ٢٢ و ٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم هاووڵاتیانە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکاندا» لە بۆکان خراونەتە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری دەروونییەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانە، هەرسێکیان تۆمەتەکەیان ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵدا (١٠ی ژوەن) پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرانەوە بۆ زیندانی بۆکان و تا ئێستا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لەم زیندانەدان.