تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ٥ی خەرمانان (٢٧ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستایەکی ئایینیی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوی مامۆستا محەممەد شەریفی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم مامۆستایەیان دەستبەسەر کردووە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەم هاووڵاتییەیشدا.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم مامۆستایە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

لەم مانگانەی ڕابردوودا و دوابەدوای پشتیوانیکردنی بەربڵاوی ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینیی کورد لە خۆپیشاندان و داخوازییەکانی خەڵک، بانگهێشتکردن، دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای بەندکران و قامچی بەسەر مامۆستایانی ئایینیدا پەرەی سەندووە. تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ١٠ مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی مامۆستا حسەین عەلیمورادی، مامۆستا سابیر خودامورادی، مامۆستا ئارمان سادقی، سەیدجەلال ئەکبەری، مامۆستا مادێح کەریمی، مامۆستا عەبدولجەبار لەتیفی، مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، مامۆستا لوقمان ئەمینی، زانا خوشامەن و محەممەد شەریفی لە شارەکانی سنە، سەقز، دێولان، سەوڵاوا، پیرانشار و بۆکان لەبەر پێشکەشکردنی وتاری پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە سزای بەندکران، قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپاوە.