لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان لە شاری بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ چالاکی ئایینیی کورد بە ناوەکانی مەحیەدین محەممەدزادە، کەریم نەورۆزی و فارووق حسەینی و وێڕای پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی وەک کتێب، مۆبایل و لەبتابەکانی خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا.

مەکتەب قورئان لە کاناڵی تێلێگرامی خۆی و لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای «نمایشی ترساندن و تۆقاندن»ـەوە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی سێ ئەندامی ئەم گرووپە لە شاری بۆکان.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانی مەحیەدین محەممەدزادە، بەرنوێژی گوندی «نۆبار»ی بۆکان و کەریم نەورۆزی، ئەندامێکی دیکەی مەکتەب قورئان لە شاری بۆکان و دوای پشکنینی ماڵەکانیان، دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ کەلوپەلی وەک نامیلکە، کتێب، مۆبایل و لەبتابەکانی خۆیان و ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا.

لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، هێزە ئەمنییەکان بە ناوی «ژمارەهەڵگری کۆنتووری گاز»ـەوە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی فارووق حسەینی کە ئەندامێکی دیکەی مەکتەب قورئانە لە شاری بۆکاندا و بەبێ ئەوەی مۆڵەتی یاساییان هەبێ، قفڵی کانتۆرەکانیان شکاندووە و جیا لە پشکنینی ماڵەکە، پەنایان بردووەتە بەر ترساندن و تۆقاندنی ئەندامانی بنەماڵە و بەتایبەت منداڵانی ئەم هاووڵاتییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ مامۆستا محەممەد خزرنژاد، لە مامۆستایانی ئایینیی کوردستان کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کرابوو، دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران گوشارەکانیان بۆ سەر چالاکانی ئایینیی ئەم شارە و شارەکانی تری کوردستان زیاد کردووە.