لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەنداندا (٣٠ی ژانڤییە) ئەم دوو هاووڵاتییە بانگهێشتی بەردەم بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای بۆکان کراون و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکران گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.

حەسەن مەردانی و لوقمان پیشیار لە سەرماوەزی ئەمساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، هەرکامە سزای ٣ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەردا (٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە گوازرانەوە بۆ زیندانی بۆکان و ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) هەرکامە بە بارمتەی یەک میلیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.