حسەین خەسرەوی و سلێمان ئەدهەمی، دوو مامۆستای سوننەی کورد، لەگەڵ چالاکێکی مەزهەبیی دیکەدا بە ناوی هیوا نووری کە لە ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوون و ئێستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدان، تۆمەتی «بەغی»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە حسەین خەسرەوی و سلێمان ئەدهەمی، بەرنوێژی دوو مزگەوت لە گوندەکانی بانە و بۆکان، لەگەڵ هیوا نووریدا، ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (٢٩ و ٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.

ئەم سێ چالاکە مەزهەبییە بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراونەتە ژێر ئەشکەنجەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانیی ناوەندیی ورمێ کراون.

سزانامەی ئەم سێ هاووڵاتییە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە تۆمەتی «بەغی»، «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیی ئەنسارولسوننەدا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن داواکاری گشتییەوە دەرکراوە و دۆسیەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە نێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستەدا لانیکەم ١١ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە تۆمەتی «بەغی» و «موحارەبە» لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا چاوەڕێی دەرکردنی سزان و لە دۆخی هەڵپەسێردراودان.