بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١١ی خەرمانان (٢ی سێپتامبر) لەیلا قەڵوەزی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ ئیدارەی ئەماکنی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە.

دەوترێت هێزەکانی ئیدارەی ئەماکن ڕایانگەیاندووە کە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە دەگەڕێتەوە بۆ شکاتکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەم هاووڵاتییە بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران براوەتە بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران و دوای دەرکردنی بڕیاری بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی، ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە کراوە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لەگەڵ کوڕەکەیدا، داتام هەشادەست، لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوون. ئەم دایک و کوڕە دوای ماوەیەک بە بارمتە لە زیندان ئازاد کران.