نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران کە ٨ی خەرمانان (٣٠ی ئاگۆست) بۆ چوارەم جار لە دوای دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییەوە، بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ» سزای ساڵێک بەندکران و ١٥ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپاوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە نازیلا مەعرووفیان ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی خەرمانان (٣ی سێپتامبر) لە سێهەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردندا لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە براوەتە بەردەم لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران و بە شێوەی فەرمی حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

دەوترێت ئەم حوکمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆسیەیە کە دوو مانگ لەمەوپێش دژ بەم ڕۆژنامەوانە کرابووەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر دۆسیەکەی تری کە لە دادسەرای ئەمنییەتی ئێڤین لە حاڵی لێکۆڵینەوەدایە، بەردەست نەکەوتووە.

ڕۆژی ڕابردوو لە کاتی دیداری ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، ئاسەواری شینبوونەوە لە ئەنجامی لێدان و ئەشکەنجەکردنی کاتی دەستبەسەرکردندا لەسەر جەستەی دیار بووە.

ئەم ڕۆژنامەوانە کە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاراندایە، لە ڕۆژی ١٠ی خەرمانانەوە (١ی سێپتامبر) مانی لە خواردن گرتووە. نازیلا مەعرووفیان لە نامەی مانگرتنەکەیدا وتوویەتی کە داوای ئازادیی بێمەرج و هەروەها سزادانی ئەو هێزە ئەمنیانە دەکەم لە لە کاتی دەستبەسەرکردندا پەلاماریان داوم.

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانان (٣٠ی ئاگۆست) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانلکوتایە سەر ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە لە تاراندا و دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکە، بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەریان کرد.

دوای دەستبەسەرکردنی نازیلا مەعرووفیان، هەواڵنێریی  تەسنیم کە سەر بە سوپای پاسدارانە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە دەستبەسەرکردنەکەی ڕایگەیاندبوو: «نازیلا مەعرووفیان، چالاکی ڕاگەیاندنکار، بە دەستووری دادسەرای ئێرشاد (ئاسایشی ئەخلاقی) بە تۆمەتی «پەرەدان بە خراپەکاری» دەستبەسەر کرا. ئامادەبوون بە جلوبەرگی نەگونجاوەوە لە شوێنی گشتیدا و بڵاوکردنەوەی ئەم دیمەنانە لە ئینتەرنێتدا لە ڕیزی هۆکارەکانی دەرکردنی حوکمەکەی دادسەرای ئێرشاددایە».

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە ئەنجامی لێدانی کاتی دەستبەسەرکردندا بریندار بووە و هەر بۆیە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خەرمانان (٣١ی ئاگۆست) بۆ چەند کاتژمێرێک لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە تاران کراوە و پاشان گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەند.

لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات چەندین جار لە ڕێی پێوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لێ کردبوو کە لەبەر درێژەدان بە چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیسان دەستبەسەری دەکەنەوە.

نازیلا مەعرووفیان لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژدا (١٤ی ئاگۆست) دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای ئازادبوونی کاتی لە زیندان، لەبەر «بڵاوکردنەوەی وێنەی بەبێ لەچکی زۆرەملێ و بەرزکردنەوەی دەستی وەک هێمای سەرکەوتن» بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین. ئەم ڕۆژنامەوانە دوای ٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

پێش ئەوە و لە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕدا (٤ی جولای) هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی لە تاراندا و دەستیان گرتبوو بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانی و لەوانە مۆبایل و لەبتۆبەکەیدا. هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لێ کردووە ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) سەردانی دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین بکات.

نازیلا مەعرووفیان ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕ (٨ی جولای) دوای سەردانکردنی دادسەرای ئێڤین دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران. ئەم ڕۆژنامەوانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئەڤین و لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕدا (١٤ی جولای) بە بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. 

هەروەها لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەرداندا (٢٠ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان لە چوارڕیانی وەلیعەسری تاران پەلاماریان دابوو و بەسەر جادەکەدا ڕایانکێشابوو.

نازیلا مەعرووفیان لەبەر بڵاوکردنەوەی وتووێژەکانی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا لە سایتی «مستقل آنلاین» لە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) بە دەستووری دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کرا و بە درێژایی ماوەی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەدا، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەی قورس و فراوانەوە.

ئەم ڕۆژنامەوانە لە کاتی دەستبەسەربووندا و هەر لەبەر ئەم گوشارانە دوو جار جەڵدەی سووکی دڵی کرد و سەرەڕای هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی موفەتیحی شاری ڕەی، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕاندبوویانەوە بۆ ناو زیندان. دواجار لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباردا (٩ی ژانڤییە) بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا.

نازیلا مەعرووفیان لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەفشاری، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وتووێژەوە لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا، سزای دوو ساڵ بەندکران، ١٥ میلیۆن تمەن غەرامە و پێنج ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپا. لە دادنامەکەدا سزای ٢ ساڵ بەندکرانەکە بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵپەسێردراوە.