بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) زیندانیانی ژنی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بە بۆنەی ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینییەوە چالاکیی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە بردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی یەکەی تایبەتی زیندان بە مەبەستی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکە چوونەتە ناو بەندەکەوە و دەستیان داوەتە لێدان و ئەشکەنجەدانی قورسی زیندانییەکان و ژمارەیەک لە بەندکراوانیان بە گوللەی ساچمەیی بریندار کردووە.

زیندانییەکی ژن لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکەدا ئاگرکەوتنەوەیەکیش لە ناو زیندانی ژنانی قەرچەکی وەرامیندا ڕووی داوە. لە ئێستەدا ژنانی بەندکراو کە هەندێکیان بریندار بوون، لە حەوشە یان هەمان هەواخۆریی زیندانەکەدا ڕاگیراون.

زیندانی قەرچەک تاکەزیندانی ژنانی پارێزگای تارانە و بە وتەی ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکان زیاتر لە ٧٠٠ بەندکراو لەم زیندانەدا ڕاگیراون.