سەرەڕای تێپەڕینی ٣ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی پەخشان عەزیزیدا، دەرچووی لقی کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی تاران و زیندانیی سیاسیی پێشوو، تا ئێستایش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەم هاووڵاتییە کوردە بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم ژنەچالاکە کوردەی خەڵکی مەهاباد لە ناوەڕاستی گەلاوێژی ئەمساڵدا (سەرەتای ئاگۆست) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە تاران دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەری یاسایی بێبەش کراوە.

ماڵپەڕی «بێتاوان» کە سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەڵاڕێزان () هەواڵی دەستبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و سیروان محەممەدڕەزاییی بڵاو کردووەتەوە. ئەم ماڵپەڕە ئەمنییە بەبێ ئاماژەکردن بە بەرواری دەستبەسەرکردنیان، ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسانە ئەندامی «پژاک» بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکردنی وریشە مورادی، ئەندامی کەژار (کۆمەڵگەی ئازادی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ی بڵاو کردبووەوە کە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ (١ی ئاگۆست) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر کرا.

پەخشان عەزیزی یەکەم جار لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٠٩) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاراندا کە دژ بە ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستاندا ڕێک خرابوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە دوای ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لەم ساڵانەی ڕابردوودا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە.