ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبەر) هاجەر سەعیدی، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ساڵێک بەندکران ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران لە لایەن لقی چوارەمی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بانگهێشت کرابوو.

هاجەر سەعیدی ڕۆژی ٢٧ی گوڵانی ئەمساڵ (١٧ی مەیی ٢٠٢٣) لەگەڵ حەوت چالاکی کرێکاریی کوردی دیکەدا کە بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهیدا، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، سەردانی بنەماڵەکەیان کردبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هاجەر سەعیدی دوای مانگێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا. ئەم چالاکە کرێکارییە چەند مانگ لەمەوپێش لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران» لە ڕێگای پێکهێنانی ڕێکخستنی کۆمۆنیستییەوە، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان لە لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران.

هاجەر سەعیدی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکیی کرێکارییەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە و گەلاوێژی ١٣٩٩ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا (کۆمەڵە) و هەروەها بەشداریکردن لە گردبوونەوەی نایاساییدا و پێوەندی لەگەڵ چالاکانی کرێکاریدا، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە بۆ ماوەی ٤ ساڵ خرایە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.