هاوکات لەگەڵ دەیەم ساڵی دامەزراندنی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا، پێگەی زانیارییەکانی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی کورد لە ئێراندا (هیوا) دەستی بە کار کرد. ئەم پێگەیە لە قۆناغی یەکەمدا ناونیشانی زیاتر لە ١٠٠ زیندانی و دەستبەسەرکراوی سیاسی و مەزهەبیی کورد و ڕوونکردنەوەی پرۆسەی دەستبەسەرکردن، دادگاییکردن، سزادان و بەندکرانیان لە خۆ دەگرێت. بەڵام ئامانجی ئێمە کردنەوەی لاپەڕەی هەرچی زیاترە بۆ دەستبەسەرکراوان و زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی دیکەیش و پرۆژەکە تەنها لە بەندکراوانی ئێستادا کورت نابێتەوە.

«هیوا» لە ڕێگای پرۆفایلی زیندانیان، نەخشە و ئینفۆگرافیکەکان و دەرفەتی گەڕانی خێرا و پێشکەوتوو بەپێی ناو، ڕەگەز، بواری چالاکی، بەرواری دەستبەسەرکران، تۆمەت، شوێنی لەدایکبوون، شوێنی بەندکران و… دەرفەتی دۆزینەوەی ناونیشان و خوێندنەوەی زانیارییەکانی هەر بەندکراوێک بۆ بەردەنگەکانی دەڕەخسێنێت. ئەم پێگەیە لە قۆناغی یەکەمدا بە دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی خراوەتە بەردەست و لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشی کوردییش لەسەر ماڵپەڕی ڕێکخراوەکە زیاد دەکرێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەک ١٠ ساڵی ڕابردوو، ڕێسا کاری و ئەخلاقییەکانی خۆی لە پێکهێنانی ئەم پێگەیەدا لەسەر بنەمای پابەندبوون بە حەقیقەت و هەوڵدان بۆ دەستبەسەرکردنی دادپەروەری بونیاد ناوە. ئێمە «هیوا»مان بە هیوای ئازادبوونی زیندانیانەوە دەست پێ کردووە، ئەگەرچی بە داخەوە لە پرۆسەی ئامادەکردنی پرۆفایلی زیندانییەکان و لەم مانگانەی دواییدا سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانی دوان لەم بەندکراوانە، کامران شێخە و ڕەزا ڕەسایی، کە لە پرۆسەیەکی دادوەریی نادادپەروەرانەدا بەسەریاندا سەپێنرابوو، جێبەجێ کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو بەردەنگەکانی دەکات بۆ دەوڵەمەندکرانی پێگەی زانیارییەکانی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی کورد (هیوا) یارمەتیمان بدەن و ئەگەر خۆیان یان یەکێک لە کەسە نزیکەکانیان ئەزموونی دەستبەسەرکردن و بەندکرانیان لە دەستبەسەرگە و زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە، بەپێی فۆرمێک کە لە هیوادا دانراوە، ناونیشان و زانیارییە پێویستەکانمان بۆ بنێران. بێگومان پێوەری ئێمە بۆ بڵاوکردنەوەی ناونیشان و زانیاریی کەسەکان، پاراستنی ئەمنییەت و لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی ئەو زانیاریانەیە کە بە دەستمان دەگات.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رێکخراوێكی سەربەخۆی قازانجنەویستی بێلایەنە کە ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی فەرەنسا بە شێوەی فەرمی و یاسایی دامەزراوە و کار دەکات بۆ برەوپێدانی مافەکانی مرۆڤ و بەبەڵگەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی لە کوردستان / ئێراندا ئەنجام دەدرێن.