لە مانگی جۆزەرداندا ٧ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان گیانیان لەدەست داوە. یەک لەم کەسانە بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا و یەکی دیکەشیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییە سنوورییەکانەوە گیانیان لەدەست داوە. ٣ کەس بە تەقەی هێزەکانی چەکداری ئێران و ٢ کەسیش بە تەقەی هێزەەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا و ئێراق گیانیان لەدەست داوە. هەروەها هەر لەم مانگەدا ١٠ کۆڵبەری کوردی تر لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و تورکیادا بریندار بوون یان ئەندامی لەشیان لەدەست داوە.


هەر لە مانگی جۆزەرداندا لانیکەم ٥ ژنی کورد لە شارەکانی دەڕەشار، ئیلام، کرماشان و سەقز بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکانیان کوژراون. لەمانە تەنیا ناسنامەی دوو کەسیان بە ناوەکانی حومەیرا بازگیر و گوڵاڵە شێخی ئاشکرا کراوە.


لەم مانگەدا دوو زیندانیی کورد لە زیندانەکانی بۆکان و ورمێ لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و وەدرەنگخستی گواستنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان، گیانیان لەدەست داوە.


هەر لە مانگی جۆزەرداندا ٤ پەناخوازی کورد لە ڕێگای پەناخوازیدا لە دەرەوەی وڵات گیانیان لەدەست داوە؛ یەکیان بە هۆی خۆسووتاندنەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی دژواری پەناخوازیدا، دووانیان لە ڕووداوی هاتوچۆدا و یەکیشیان بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ڕێگای پەناخوازیدا گیانیان لەدەست داوە.


لە هەمان کات و هەر لەم مانگەدا، لانیکەم ٥ کرێکاری کورد لە شارەکانی سەقز، کرماشان، سەردەشت و مەریوان لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەست داوە.


هەروەها هەر لەم مانگەدا ٥ ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە هۆی بۆسەنانەوەی هێزەکانی قەرارگای شەهرامفەڕی سپای پاسدارانەوە لە دەوروبەری شارەکانی بانە و سەوڵاوا گیانیان لەدەست داوە.


لەم مانگەدا لانیکەم هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت و سەربازێکی هەنگی سنووریی بانە بە تەقینەوەی مین بریندار یان کەمئەندام کەوتوون.
لە مانگی جۆزەرداندا لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی بانگەشەی دژی حکوومەت، چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی و موحارەبە، لە لایەن دادگاکانی ئینقلابی ئیسلامییەوە حوکمی زیندانیان لە ٣ مانگەوە تا ٤٠ ساڵ بەسەردا سەپاوە.


هەر لەم مانگەدا لانیکەم ١٩ هاووڵاتی و چالاکی کود لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لەمانە تەنیا دوو کەسیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.


لە مانگی جۆزەرداندا ٣ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڤیان محەممەدی، شاکر بێهرووز و کەیهان مەکەڕەم لە زیندانی ورمێ و بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوون، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و ڕەچاونەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای زیندان، مانیان لە خواردن گرتووە.


هەر لە مانگی جۆزەرداندا بە دەیان حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی سەلاسی باوەجانی، مەریوان، سەوڵاوا، بانە و سەردەشت تۆمار کراوە کە ئەگەرچی بۆتە هۆی لەناوچوونی دارستان و لەوەڕگەکانی ئەم ناوچانە، بەڵام دواجار بە هەوڵ و تێکۆشانی دامەزراوە ژینگەپارێزەکان و خەڵکی خۆبەخش کۆنترۆڵ کراون و کوژێنراونەتەوە.


بۆ بینینی وردەکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە ئەم لینکە ببینە: