بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان:

لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠، لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، تەقەکردنی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد، کوژرانی ٥ کەس و برینداربوونی ١١ کەسی دیکەی لێ کەوتۆتەوە. هەروەها ٨ کۆڵبەریش لە ناوچە سنوورییەکانی شاری نەوسوودی پارێزگای کرماشان و چاڵدێرانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتوونەتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەندێک لەم ئەشکەنجەدراوانە لەبەر قورسیی برینەکانیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. کۆڵبەرێکیش بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا بریندار بووە.


لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠دا لانیکەم ٧ کەس لە زیندانی ورمێ و هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان لە زیندانی ئیسفەهان بە تۆمەتی «مادە سڕکەرەکان» و «کوشتن» لە سێدارە دراون.


لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠دا لانیکەم ٣ کرێکاری کورد لە شارەکانی سنە و ئەیوانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئیلام بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.
لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠دا و لە ئەنجامی تەقینەوەی تەقەمەنییە سەربازییەکانی سەردەمی شەڕەوە لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کرماشان و سەقز گیانیان لەدەست داوە و هاووڵاتییەکیش لە دێهلوڕانی پارێزگای ئیلام بریندار بووە.


لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠دا لانیکەم ٣٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات یان دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. لەمانە ٥ کەسیان بۆ جێبەجێکردنی حوکمە دەرکراوەکانی پێشوو ڕەوانەی زیندان کراون و ئەوانی تریان هێشتا هەر دەستبەسەرن، لەم نێوانەدا تەنها خەیروڵڵا حەقجوویان دوای ١٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کروەا. لە نێو ئەم دەستبەسەرکراوانەدا منداڵێکی ١٦ ساڵان بە ناوی ژینا حەسەنی موقەدەم بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی کوردستان» لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ڕاگیراوە.

لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٠دا دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامیی مەریوان و ورمێ حوکمی زیندانی ٢٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ و ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژیان بۆ ٢ هاووڵاتیی کورد دەر کردووە. حوکمی ٩ ساڵ زیندانی هاووڵاتییەکی کورد لە دادگای پیاچوونەوەی سنە پەسەند کراوە. هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی حسەین خەیری بە تۆمەتی «موحارەبە» لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تارانەوە حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.


لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا شەش ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی «سیر حەیدەرلوو»ی شاری ورمێ، هەواڵی مردنی لە لایەن پۆلیسی ئەمنیەتەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنراوە. گەرچی پۆلیسی ئەمنیەت وتوویەتی ئەم هاوڵاتییە لە دەستبەسەرگەدا خۆی کوشتووە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەگەری کوژرانی لەژێر ئەشکەنجەدا بە ئەگەرێکی جیدی ئەزانن و هەر بۆیە سکاڵانامەیەکیان دژ بە پۆلیسی ئەمنیەت پێشکەشی سەرچاوە دادوەرییەکان کردووە.


لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی لە نزیک شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان بە دەستی کەسانێکی نەناسراو کوژرا. زوڵێخا ناسری، هاوسەری ئەم چالاکە سیاسییە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە کە بە درێژایی ساڵانی نیشتەجێبوونیان لە هەرێمی کوردستان دەزگا ئەمنییەکان چەندین جار هەڕەشەیان لێ کردوون: «لەبەر چالاکییە سیاسییەکانمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەمان لێ کراوە و لە چەند مانگی ڕابردوویشدا لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامی هەڕەشەمان بۆ نێردراوە».


لە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠دا منداڵێکی ١٦ ساڵام بە ناوی شەکیبا بەختیار لە کرماشان بە دەستی باوکی و بە چەقۆ کوژرا. سەرچاوە خۆجێییەکان درەنگچوونەوەی ئەم کچە بۆ ماڵەوە بە هۆکاری کوشتنی دەزانن.