لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورد لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی موبین دەهار، سەمەد شابۆیی، ئەمیر سەیدی، ئەفشین ساعیدی و موعین شەریفیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد، کامێران و پیرانشار دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ (٢٢ی ئاگۆست) لاوێکی ٢٠ ساڵانی خەڵکی گوندی «سینگان»ی شنۆ بە ناوی موبین دەهار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هەروەها ڕۆژی ڕابردوو سەمەد شابۆیی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «شاوانە»ی شنۆ دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، شەوی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ (٢١ی ئاگۆست) ئەمیر سەیدی، خاوەنی یەک لە کافتریاکانی گەڕەکی باغی میکاییلی مەهاباد بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «خامسان»ی کامێران بە ناوی ئەفشین ساعیدی لە کاتێکدا کە دایکی بۆ دیالیزی گورچیلە بردبوو بۆ نەخۆشخانەی ئەم شارە، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژیشدا (١٧ی ئاگۆست) لاوێکی خەڵکی گوندی «پسوێ»ی پیرانشار بە ناوی موعین شەریفیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە ٢ حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٤٠ چالاکوان و هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی تاران، پیرانشار، سەقز، جوانڕۆ، کامێران، شنۆ، مەهاباد، مەریوان و سنە دەستبەسەر کراون.